رووداو دیجیتاڵ
پێنجشەممە، 27-05-2026، 16یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی بیناسازی، ئاوەدانکردنەوە، وزە و کارەبا لە شاری هەولێر کرایەوە و تێیدا 450 کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانیان نمایش دەکەن.
پێشانگەکە بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت و کۆمپانیاکان لە 20 وڵاتی جیاوازەوە هاتوون، لەوانە چین، تورکیا، ئێران، ئیمارات، ئیتاڵیا، پاکستان و هیندستان. لە کۆی گشتیی کۆمپانیاکان، 80٪ـیان بیانین و 20٪ـیان ناوخۆیین.
گۆران سەعد، بەڕێوەبەری پێشانگەی هەولێر، بە رووداوی راگەیاند: "سەرەڕای ئەو دۆخەی لە ناوچەکەدا هەیە، کۆمپانیا بیانییەکان حەزیان لێیە بێن و لە هەولێر بەشدار بن، چونکە باوەڕیان بە ئێرە هەیە. هەروەها لەو باوەڕەدان لێرە قازانجی خۆیان وەردەگرن و ئێمەش یارمەتییان دەدەین."
یەکێک لەو بوارانەی لە پێشانگەکەدا سەرنجی زۆری لەسەرە، سیستەمی وزەی خۆرە. محەممەد هیوا، بەڕێوەبەری یەکێک لە کۆمپانیاکان، دەڵێت: "خواست زیاتر بۆ ماڵان و گوندەکانە. وەک دەزانن لە گوندەکان کارەبا بەردەوام نییە، بۆیە لە جیاتی مۆلیدە ئەم سیستەمە دادەنێن."
تێچووی دانانی سیستەمی وزەی خۆر بەپێی کات و بڕی ئەمپێرەکان دەگۆڕێت؛ بۆ بەکارهێنانی هەشت ئەمپێر لە رۆژدا نزیکەی 1200 دۆلارە، ئەگەر بەکارهێنانی شەوانیشی بۆ زیاد بکرێت، نرخەکەی لەنێوان 1800 بۆ 2400 دۆلار دەبێت.
هاوکات بەشێک لە کۆمپانیاکان ئاماژە بە بەرزبوونەوەی تێچووی گومرگ و هاوردەکردن دەکەن. موونیسا رەیان، بەڕێوەبەری ئیداری لە یەکێک لە کۆمپانیاکان، گوتی: "بابەتی گومرگ و هاوردەکردن لەسەر هەموو بزنسەکان زیادی کردووە، بۆیە ئێمە وەک هەمیشە بە ئۆفەری تایبەت بەشداریمان کردووە و ئەوەی سەردانمان بکات، داشکاندنی تایبەتی بۆ دەکەین."
یەکێک لە کۆمپانیا ناوخۆییە بەشداربووەکان، کارگەیەکی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆیە لە گۆمەسپان. راستی بامەڕنی، بەڕێوەبەری تەکنیکیی کۆمپانیاکە دەڵێت: "ماوەی ساڵ و نیوێکە بەرهەمی ئێمە لە بازاڕدایە، هەروەها هەناردەی باشووری عێراق و سووریای دەکەین. رۆژانە لەنێوان 7 بۆ 8 هەزار تۆن هەناردە دەکەین."
پێشانگەکە لە رۆژانی 27 تاوەکو 30ی مانگ، لە کاژێر 11:00ی بەیانی تاوەکو 08:00ی ئێوارە بەڕووی سەردانکەراندا کراوە دەبێت.


