رووداو دیجیتاڵ
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، بەهۆی ئەو بارانە بەخوڕەی ئێوارەی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی هەولێری گرتەوە، دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە و زیانێکی زۆریش بەر ماڵ و موڵکی هاونیشتمانیان و ژێرخانی شارەکە کەوتووە.
ئومێد خۆشناو، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "بەداخەوە جارێکی دیکە کارەساتێکی دیکە بەسەر خەڵکی شارەکەماندا هات. پێشبینی دەکرا نزیکەی 30 ملیمەتر باران ببارێت، بەڵام لەدوای کاژێر 7:00ـی ئێوارەوە بارانێکی زۆر بەخوڕ باری کە بەپێی پێشبینییە سەرەتاییەکان نزیکەی 80 ملیمەتر بووە."
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا کە لافاوەکە ئەمجارە "زۆر گشتگیر" بوو و زۆربەی گەڕەکەکانی گرتەوە، بەتایبەتی لە سنووری شەقامی 150 مەتری لە رۆژهەڵاتی هەولێرەوە بەرەو ناوشار.
بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، بەهۆی لافاوەکەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە. یەکێکیان منداڵێکی تەمەن 5 ساڵان بووە لە گەڕەکی هەولێری نوێ کە لەگەڵ باوکیدا لەنێو ئۆتۆمبێل بووە و ئاو بردوویەتی. دوای ماوەیەکی کەم، تیمەکانی فریاگوزاری تەرمەکەیان دۆزیوەتەوە.
قوربانیی دووەم، گەنجێکی خۆبەخش بووە کە تەمەنی زیاتر لە 25 ساڵ بووە و لە نزیک هیوا سیتی ویستوویەتی هاوکاریی تیمەکان و خەڵک بکات، بەڵام ئاو بردوویەتی و گیانی لەدەستداوە. تەرمی ئەویش دۆزراوەتەوە.
پارێزگاری هەولێر داوای لە هاونیشتمانیان کرد ئەگەر کاری زۆر پێویستیان نییە، نەیەنە سەر شەقامەکان بۆ ئەوەی رێگری بۆ کاری تیمە فریاگوزارییەکان دروست نەکەن.
سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەت، خۆشناو رایگەیاند، "مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت هەموو توانای حکومەت بۆ پاراستنی گیانی هاونیشتمانیان بەکاربهێندرێت."
لەبارەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان، پارێزگاری هەولێر گوتی، "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک لەبارەی قەرەبووکردنەوە نییە، ئێستا لەنێو رووداوەکەداین و دواتر هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکان دەکرێت." رەخنەی لە حکومەتی عێراقیش گرت کە لە کارەساتەکانی پێشوودا هاوکاریی هەرێمی کوردستانیان نەکردووە و بودجەی فریاگوزارییان نەناردووە.

.webp&w=3840&q=75)