رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و هەڵکردنی باوە لە پارێزگای لوڕستان، ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ دانیشتووانی نزیکەی 170 گوند دروستبوو و کارەبای 90 گوندیش بڕا.
ئیحسان کەرەمزادە، جێگری بەڕێوەبەری کاروباری ئاوەدانکردنەوە لە پارێزگای لوڕستان، لە کۆبوونەوەی لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان رایگەیاند، لە دوو شەو و رۆژی رابردوودا تێکڕا زیاتر لە 43 ملیمەتر باران لە پارێزگاکەدا باریوە.
بە گوتەی کەرەمزادە، زۆرترین بڕی باران لە ناوچەی سپیدەشت بە 164 ملیمەتر و دوای ئەویش لە ناوچەی شول ئاباد بە 148 ملیمەتر تۆمار کراوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، بڕی بارانی باریو زۆر لە پێشبینییەکانی کەشناسی زیاتر بووە، بە شێوەیەک لە هەندێک ناوچە هێندەی تێکڕای بارانی ساڵانەی پارێزگە بیابانییەکانی ئێران بووە.
سەبارەت بە قەبارەی زیانەکان، ئەو بەرپرسەی پارێزگای لوڕستان گوتی: "رێگەی هاتووچۆی نزیکەی 170 گوند پەکیکەوتووە و 90 گوندیش کارەبایان بڕاوە، بەڵام سەرجەم رێگە سەرەکییەکانی پارێزگاکە کراوەن."
کەرەمزادە جەختی لەوەش کردەوە کە سەرجەم تیمەکانی رێگەوبان، شارەوانی، قایمقامیەت و فریاگوزاری لە ئامادەباییدان و لەسەر هێڵن بۆ کردنەوەی رێگەی گوندەکان و چارەسەرکردنی کێشەی کارەباکەیان.

.webp&w=3840&q=75)