رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایدەگەیێنێ، بڕیاری بەشداریکردنیان لە حکومەتی خۆجێیی و ئیدارەی شارەکە بەندە بە قۆناخی داهاتووی گۆڕانکارییەکان و گەیشتن بە رێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندیی هەموو پێکهاتەکاندا بێت.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بەشداری لە بوولتەنی کاژێر 12ـی رۆژی هەینی 13/11/2026ـی تۆڕی میدیایی رووداو کرد و تیشکی خستە سەر هۆکارەکانی دواکەوتنی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ و ئاماژەی بەوە دا، سەرەڕای ئەوەی رۆژی سێشەممە 10/11/2026 لێکتێگەیشتنێک لەنێوان لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی خۆجێیی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار دروست بوو، بەڵام دوای نیو کاتژمێر لە خستنەکارنامەی بڕگەکە، کۆبوونەوەکە بۆ شەوی چوارشەممە 11/11/2026 لەسەر پێنجشەممە دواخرا و دواتریش ئەنجام نەدرا.
زیاتر لە 28 رۆژە، بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی محەممەد سەمعان وەک پارێزگاری کەرکووک، پارێزگاکە لە بۆشایی ئیداریدایە و بەهۆیەوە بەشێک لە کاروباری هاونیشتمانییان پەکی کەوتووە.
دەستوەردان و ناکۆکیی نەتەوەکان
بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، لایەنێکی سیاسیی شیعی هاتووەتە ناو بابەتی هەڵبژاردنی پارێزگار و داوای کردووە پارێزگاری داهاتوو تورکمانی شیعە بێت، ئەم داواکارییە دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە و بووەتە رێگر لەبەردەم رێککەوتن، چونکە بەرەی تورکمانی رەتی دەکاتەوە و دەڵێت ئێمە دوو کورسیمان لە ئەنجوومەنی پارێزگا هەیە؛ بەڵام تورکمانی شیعە هیچ کورسییەکیان نییە، بۆیە ناکرێت ئەوان پۆستی پارێزگار وەربگرن.
رەخنە لە سیستمی ئاڵوگۆڕی پۆستەکان
حەسەن مەجید رەخنەی تووندی لەو سیستمە گرت، کە بەپێی رێککەوتنی هۆتێل رەشید لە کەرکووک جێبەجێ کراوە (سیستمی ئاڵوگۆڕی پۆستەکان لەنێوان نەتەوەکاندا) و رایگەیاند: "ئەگەر ئەمڕۆ یان سبەی دانیشتن بکرێت، ئەمە دەبێتە سێیەم پارێزگار لە ماوەی یەک ساڵدا بۆ کەرکووک دادەنرێت."
ناوبراو جەختی کردەوە، کە ئەم سیستمەکە سەرکەوتوو نەبووە و سستیی لە پڕۆژەکاندا دروست کردووە، چونکە هیچ پارێزگارێک ناتوانێت لە ماوەیەکی کەمدا پڕۆژەی ستراتیژی و دوورمەودا جێبەجێ بکات.
سەبارەت بە رێکارە یاساییەکان بۆ دانیشتنی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی روونی کردەوە، کە تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ دانیشتنی ئەنجوومەن پارێزگا دیاری نەکراوە، چونکە دەبێت سەرەتا پارێزگاری پێشوو دەستلەکارکێشانەوە پێشکەش بکات و لە ئەنجوومەن دەنگی لەسەر بدرێت، ئینجا پارێزگارێکی نوێ هەڵبژێردرێت.
هەڵوێستی پارتی لەبارەی بەشداریکردن لە ئیدارەی کەرکووک
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان چاوەڕێی دەرەنجامی گفتوگۆی لایەنەکان دەکات. حەسەن مەجید دەڵێت: "هەر کاتێک گەیشتنە رێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کەرکووک و هەموو پێکهاتەکاندا بێت، ئێمە بڕیاری خۆمان دەدەین."
ئاماژەی بەوەش کرد کە لەم قۆناخەدا هیچ گۆڕانکارییەک لە پۆستەکانی دیکەدا ناکرێت، چونکە تەنیا تورکمانێک دەچێتە شوێنی پارێزگارە تورکمانەکەی پێشوو؛ بەڵام لە قۆناغی دووەمدا، کاتێک پۆستی پارێزگار دەدرێتە عەرەب، گۆڕانکاری لە تەواوی پۆستەکاندا دەکرێت و پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا دەدرێتە کورد.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتی: "ئەو کاتە بڕیاری خۆمان دەدەین کە ئایا تەنیا لە ئەنجوومەن دەمێنینەوە، یان دەچینە نێو ئیدارە و حکومەتی خۆجێییەوە."
رۆژی 16ی نیسانی 2025، رێبوار تەها، پۆستی پارێزگاری کەرکووکی رادەستی تورکمان کرد و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک محەممەد سەمعانی بە پارێزگار هەڵبژارد. رۆژی 15ی تشرینی یەکەمی 2026، محەممەد سەمعان لە پەرلەمانی عێراق بە وەزیری دەوڵەت هەڵبژێردرا و سوێندی دەستووریی خوارد.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 کورسی پێکدێ: کورد خاوەنی 7 کورسییە (5 کورسی یەکێتی و 2 کورسی پارتی)، پێکهاتەی عەرەب 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی، هەروەها کورسییەکی کۆتای کریستیان، کە نزیکە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
