رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی بەبۆنەی 242ـەمین ساڵیادی بنیاتنانی شاری سلێمانی، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سلێمانی بەشێکی گرنگی مێژوو، ناسنامە و خەباتی نەتەوەیی گەلی کوردستانە.
ئەمڕۆ لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا پیرۆزبایی لە دانیشتووانی سلێمانی کرد و نووسیویەتی: "لە یادی 242 ساڵەی بنیاتنانی شاری سلێمانی، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی دانیشتووانی بەڕێز و خۆشەویستی ئەو شارە مێژووییەی کوردستان دەکەم."
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا تیشک دەخاتە سەر پێگەی گرنگی ئەو شارە و دەڵێت: "سلێمانی ئەو شارەیە، کە بووەتە بەشێکی گرنگی مێژوو، ناسنامە و خەباتی نەتەوەیی گەلی کوردستان. ئەم شارە هەردەم شوێنی هەڵقوڵانی بیر و هەستی نەتەوەیی و رۆشنبیری و فەرهەنگ بووە و هەر دەمێنێت."
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، سەرۆک بارزانی نووسیویەتی: هیوای ئارامی و ئاسوودەییەکی بەردەوام بۆ ئەو شارە ئازیزەی کوردستان دەخوازم.



