رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە دانیشتنێکی نائاساییدا بە دەنگی 14 ئەندام لە کۆی 15 ئەندامی ئامادەبوو، قەحتان وەنداوی، بەربژێری بەرەی تورکمانی، وەک پارێزگاری نوێی کەرکووک هەڵبژارد. محەممەد سەمعان، پارێزگاری پێشووش باسی لەوە کرد کە دەستلەکارکێشانەوەی بەپێی رێککەوتنی سیاسی و پرۆسەی دەستاودەستکردنی پۆستی پارێزگار بووە لەنێوان پێکهاتەکاندا.
رۆژی شەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوو دانیشتنی یەک لەدوای یەکی سازکرد، لە دانیشتنی ژمارە یەکەمدا دەستلەکارکێشانەوەی محەممەد سەمعان، پەسندکرا و لە دانیشتنی دواتردا، قەحتان وەنداوی، بە بەدەستهێنانی 14 دەنگ لە کۆی 15 ئەندامی بەشداربوو بە پارێزگاری نوێ هەڵبژێردرا.
دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا، محەممەد سەمعان، پارێزگاری پێشوو و قەحتان وەنداوی، پارێزگاری نوێی کەرکووک پەیامی خۆیان ئاراستەی خەڵکی کەرکووک و لایەنە سیاسییەکان کرد.
محەممەد سەمعان: بەڵێنەکەمان بردەسەر
لە سەرەتای کۆنفرانسەکەدا محەممەد سەمعان، پارێزگاری پێشووی کەرکووک سوپاسی سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی بەغدا و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی کرد بۆ پابەندبوونیان بە رێککەوتنی سیاسی و گوتی: "ئێمە لە 16ـی نیسانی 2026 لە بارودۆخێکی سەختدا پۆستی پارێزگارمان وەرگرت. پابەندبوونی ئێمە بە رێککەوتنی سیاسی ئەوە بوو کە پۆستی پارێزگار تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بۆ پێکهاتەی تورکمان بێت، ئەمڕۆش بەڵێنەکەمان بردەسەر."
سەمعان ئاماژەی بەوە کرد: "ئێوە لە کەرکووک پارێزگارێکی کورد، پاشان پارێزگارێکی تورکمانتان بینی، ئەمڕۆش پارێزگارێکی دیکەی تورکمان و دواتریش پارێزگاری عەرەب دێت، ئەمەش دەریدەخات کەرکووک هی هەموو پێکهاتەکانە. سیستەمی دەستاودەستکردنی پۆستەکان سەرکەوتووترین و باشترین پرۆژەی سیاسییە لە عێراقی دوای 2003."
سەمعان ئەوەشی خستەڕوو کە وەک وەزیری دەوڵەت لە بەغدا بەردەوام دەبێت و هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکان، شایستەی دارایی جووتیاران، تەرخانکردنی زەوی بۆ رۆژنامەڤانان، و یەکلاکردنەوەی حەوت هەزار گرێبەستە وەزیفییەکەی پارێزگاکە دەدات.
قەحتان وەنداوی: پارێزگاری هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی کەرکووک دەبم
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، قەحتان وەنداوی رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە رۆژێکی مێژووییدا و لە هەنگاوێک بۆ بەجێگەیاندنی رێککەوتنە سیاسییەکان، بە شانازییەوە ئەرکی نیشتمانی و خزمەتگوزاریی پارێزگاری کەرکووکمان لەئەستۆ گرت."
وەنداوی سوپاسی متمانەی سەرکردایەتیی بەرەی تورکمانی، لایەنە سیاسییەکانی عێراق، و سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کرد و گوتی: "دەبینە دەنگی سەرجەم هاووڵاتییانی کەرکووک بە کورد، عەرەب، تورکمان و کلدان و ئاشوورییەوە. پێکەوە وەک یەک تیم کاردەکەین لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگا، وەزیر و پەرلەمانتارانی کەرکووک بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ئەم شارە."
پارێزگاری نوێی کەرکووک چەندین دۆسیەی لەپێشینەی کارەکانی راگەیاند، لەوانە: "چارەسەرکردنی کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ، گرێبەستەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور، زەوی و شایستەی رۆژنامەڤانان، پرۆژەی یەک ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون و باشترکردنی دۆخی کارەبا و سووتەمەنی."
قەحتان وەنداوی داوای لێبوردنی لە هاووڵاتییان و لایەنگرانی کرد بەوەی بەهۆی قورسیی ئەرکەکەیەوە رێوڕەسمی پیرۆزبایی و میوانداری سازناکات، تاوەکو دەستبەجێ کاتەکانی بۆ دەستپێکردنی کاری مەیدانی و خزمەتگوزاری تەرخان بکات.
محەممەد سەمعان، سوپاسی سەرجەم ئەو فراکسیۆن و لایەنانەی کرد کە دەنگیان بە بەربژێری تورکمان دا و گوتی: "سوپاسی تایبەتمان بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، حیزبی تەقەدووم، بزووتنەوەی بابلیۆن و قەیس خەزعەلی وەک لایەنی زامنی رێککەوتنەکە، هەروەها هەردوو بەڕێزان رێبوار تەها، ئیبراهیم تەمیمی و محەممەد حافز، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا."
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە دەستاودەستکردنی داهاتووی پۆستەکە، سەمعان باسی لەوە کرد، لە سەرەتای ساڵی نوێوە کاتێک لایەنە عەرەبییەکان لەسەر بەربژێری خۆیان رێکبکەون، پۆستی پارێزگار رادەستی پێکهاتەی عەرەب دەکرێت، چونکە پێکهاتەکان رێککەوتوون لەسەر دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات.


