رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای دانەگاز لە روونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە دۆخی کێڵگەی کۆرمۆر رایگەیاند، بەهۆی ئەو زیانە گەورەیەی بەر وێستگەکە کەوتووە، لە ئێستادا هیچ بڕە گازێک بەرهەم ناهێندرێت، هاوکات رەخنە لە بەشێک لە میدیا ناوخۆییەکان دەگرێت و داوای رووماڵی بەرپرسانە دەکات.
کۆمپانیای دانەگاز لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ژمارەیەک لە میدیا ناوخۆییەکان بەبێ بوونی زانیاریی دروست، لێدوانی ناڕاست دەدەن سەبارەت بە دۆخی وێستگەی گازی کۆرمۆر."
سەبارەت بە رەوشی کارکردن لە وێستگەکە، گوتەبێژی دانەگاز ئاماژەی بەوە کردووە: "وەک پێشتریش لەلایەن سەرچاوە فەرمییەکانەوە راگەیێندراوە، زیانێکی گەورە بەر وێستگەکە کەوتووە و لە ئێستادا ناتوانرێت هیچ بڕە گازێک بەرهەم بهێندرێت."
لە کۆتایی روونکردنەوەکەیدا، کۆمپانیاکە داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات پابەندی بنەما پیشەییەکان بن و دەڵێت: "داوا لە کەناڵەکانی راگەیاندن دەکەین خۆیان لە رووماڵکردنی نابەرپرسانە و پێشبینی و لێکدانەوەی بێبنەما بەدوور بگرن."



