رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، لەکاتی کردنەوەی بەشی دووەمی پرۆژەی سەوزایی هەولێر داوای لە هەموو هاووڵاتییەکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر کرد کە دژی ئەو هەڵمەتانە بوەستنەوە، کە هاوشێوەی سیاسەتی رژێمەکانی پێشوون بۆ کەمکردنەوەی سنوور و گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان.
لەلایەکی دیکەوە، هێرشەکانی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و ژێرخانی کارەبای
هەرێمی کوردستانی سەرکۆنە کرد و بە "دەستێکی رەش" بۆ لەناوبردنی ژێرخانی
کوردستان وەسفی کرد.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەمە تاوانێکە بەرامبەر بە هەموو خەڵکی
کوردستان و عێراق، بۆیە داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد "ئەنجامدەران و
پاڵپشتیکارانی ئەو تاوانە بە زووترین کات ئاشکرا بکرێن و بدرێنە دادگە."
دەقی وتارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی
هەرێمی کوردستان
"ئامادەبووانی هێژا، سوپاسی ئامادەبوونتان
دەکەم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێمە بۆ بەشی دووەمی پشتێنەی سەوز و چاندنی زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار نەمام، کە ئەمە دەبێتە بەشێکی تر لەو پرۆسەیە بۆ سەوزکردنی دەوروبەری هەولێر
و شارەکەمان بۆ ئەوەی بتوانین ئەو هەوایەی لە دەستماندایە بۆ چاککردنی کەشوهەوا بۆ
چاندنی دار و دارستانەکان بەردەوام بین. ئەمە هەنگاوێکی زۆر زۆر پیرۆزە، کارێکی زۆر
باشە کە لە چەندین لایەنەوە دەتوانێت سوود بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بگەیەنێت.
لە لایەکەوە چاندنی دار و دارستان لە رووی ژینگەییەوە
شتێکی گرنگە کە دەتوانێت ژینگە بپارێزێت، کەشوهەوا چاکتر بکات و پاکتر بکات، ببێتە
شوێنێک بۆ حەوانەوەی خەڵک لە کەشوهەوایەکی گونجاوتریشدا ژینگەیەکی باشتر بۆ ئێمە دەستەبەر
بکات.
لە لایەکی ترەوە لە رووی هەلی کارەوە چەندین کەس
دەتوانن لێرەدا کار بکەن و زۆر لەو نەمام و دارانەی کە لێرەش دەچێندرێن بەرهەمدارن،
کەواتە لە ڕووی خۆراکیشەوە دەکرێت سوودیان لێ وەربگیرێت و ئەوانە دەکرێت کارگەی بەرهەمهێنانی
زەیتی زەیتوون تێیدا دروست بکرێت کە ئەوانەش دیسان دەخرێتەوە خزمەتی خەڵکی
کوردستانەوە.
ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە دەیبینم کە چۆن پێشمەرگە
قارەمانەکانمان لە بەرەکانی جەنگدا پارێزگاری لە وڵاتی ئێمە دەکەن، لە خەڵکی
کوردستان دەکەن، لێرەش هاوشان لەگەڵ خۆبەخشە خۆشەویستەکان، ئەوانە لێرەن بۆ چاندنی
ئەو نەمامانە کە هەر وەک باسیان کرد ملیۆنێک و 800 هەزار نەمامی ترە لەسەر ڕووبەری
10 هەزار دۆنم و سێ پۆندیشی تێدایە وا بزانم ئەو ڕووبەرە. ئەوە جێگەی دەستخۆشییە،
من داواتان لێ دەکەم هەموومان سوپاسێکی گەرمی ئەو خۆبەخش و پێشمەرگە و خۆبەخشانە
بکەین و دەستخۆشییان لێ بکەین، زۆر زۆر سوپاس بۆ ئێوە. ئەمە نیشانەی نیشتمانپەروەرییە،
دڵسۆزییە بۆ گەل و وڵاتەکەت.
من جاری پێشتریش لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەم پرۆژەیە
باسم کرد کە چاندنی دار و دارستان چەند دەتوانێت کاریگەری لەسەر کەشوهەوا و ژینگەی
کوردستان دروست بکات. هیوامان وا بوو ئێمە بتوانین بە هەموو جۆرێک ئەو پرۆژانەی دەستمان
داوەتێ بەردەوام بین لێی و نەهێڵین بە هیچ جۆرێک کێشە و گرفت بۆ تێکدانی ژینگە
دروست بێت. کە دەهاتمە خوارەوە لە پیرمام زۆر جار دەمبینی ئاو و هەوای هەولێر زۆر
جار دووکەڵێکی زۆری تێدایە. ئەمە پێشتر لەبەر ئەوەی زۆر لە مۆلیدەکان کە کاریان دەکرد
دووکەڵێکی زۆریان دەدایە شارەکە. ئەم جارەش دوای ئەوەی کە چەندین پرۆژەمان دەستپێکرد
یەکێکیان پرۆژەی رووناکی بوو لەوەی کە کارەبای 24 کاتژمێری بەرهەم بهێنین و بیخەینە
خزمەتی هەموو هاووڵاتییان، ئەمە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پاککردن و خاوێنکردنی ئاو
و هەوای شاری هەولێر و هەموو شارەکانی تری کوردستان دروست کرد.
لە لایەکی ترەوە بە سەوزکردنی شار و شارۆچکەکانمان
بە کوردستانمان، دەمانتوانی دیسان یارمەتییەکی زیاتری پاککردنی ژینگە بدەین کە بۆ
تەندروستیی هاووڵاتییانی زۆر زۆر پێویستە.
بە داخەوە چۆن پێشتر هەوڵی بڕینی دارستانەکان لە
هەرێمی کوردستان دراوە و بۆ ئەوەی ژیان لە هاووڵاتییانی کوردستان زەحمەت بکەن، ئێستاش
دەستێکی رەش دیسان هەوڵی تیرۆرکردنی کوردستان دەدات بەوەی کە ئەو ژێرخانە پێویستەی
کە خەڵکی کوردستان لە ناو بەرێت. پەلاماردانی کۆرمۆر و لێدان لە ژێرخانی کارەبا کە
بەرهەمی کارەبا بۆ هاووڵاتییانی کوردستان بەرهەم دەهێنێت، ئەمە تاوانێکە بەرامبەر
بە هەموو خەڵکی کوردستان و هەموو خەڵکی عێراقیش.
داوا دەکەین ئەو لێژنە تایبەتەی کە دانراون بۆ
لێکۆڵینەوە لە کاتێکی زوودا بگەنە ئەنجام و هەم ئەوانەی تاوانیان کردووە و هەم ئەوانەی
لە پشت تاوانەکەشن، ئەوانە ئاشکرا بکرێن و بدرێنە دادگا و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.
ئەمە تاوانە بەرامبەر بە خەڵکێکی بێگوناهـ، بەرامبەر
بە هەموو خەڵکی کوردستان و بە هیچ جۆرێک ئەم جۆرە تاوانانە نابێت قبووڵ کراو بێت.
داوامان ئەوەیە هەرچیش پێویست بێت بۆ ئەوەی ئێمە
بتوانین یارمەتی ئەم جۆرە لێکۆڵینەوانە بدەین، ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە و بۆ
ئەمەش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەسەر هێڵین و بەردەوام قسە دەکەین.
لە لایەکی ترەوە بەڕێزان، دەمەوێت ئەوە بڵێم کە
پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، ئاوەدانکردنی هەرێمی کوردستان ئەرکێکی نیشتمانیی
هەموومانە. لە لایەکەوە هەوڵ دەدەین رۆژانە پرۆژە دروست بکەین بۆ ئەوەی ژیانی خەڵک
بەختەوەرتر بێت، بۆ ئەوەی یارمەتی خەڵکەکە بدەین، لە لایەکی ترەوە ئێمە لە هیچ شتێک
سڵ ناکەین بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بپارێزین و رێگری لە دابەشکردنی قەوارەی
هەرێمی کوردستان بکەین.
بە هەموو هەوڵ و توانای خۆمانەوە بە پشتیوانیی
خوای گەورە و خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری کوردستان رووبەڕووی هەموو هەڵمەتێک دەبینەوە
کە هەرێمی کوردستان دابەش بکەن یانیش لاوازی بکەن.
پێشتر کەمکردنەوەی سنوور و رووبەری کوردستان و
گۆڕینی دیمۆگرافی لە کوردستان وەکوو سیاسەتێک لە لایەن رژێمەکانی پێشووتریشەوە پەیڕەو
دەکرا. ئێستاش بە هەر جۆرێک بێت کە هەرێمی کوردستان لاواز بکرێت، یانیش وڵاتەکەمان
لەوە زیاتر دابەش بکرێت، بەڕاستی داوام لە هەموو خەڵکی کوردستان ئەوەیە و دڵنیاشم
هەر کوردێک هەر کوردستانییەک دڵسۆز بێت، نیشتمانپەروەر بێت، رووبەڕووی ئەو هەڵمەتە
دەوەستێتەوە کە دەیانەوێت هەرێمی کوردستان دابەش بکەن.
ئێمە بە هەموو توانای خۆمانەوە لە خزمەتی ئێوە
دەبین، بەردەوام دەبین بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر، بۆ سەوزکردنی کوردستان،
بۆ دروستکردنی کەشوهەوایەکی گونجاوتر، بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان و هەر
شتێکیش لە دەستی ئێمە بێت لە حکومەتی ئێمە بتوانین بەردەوام بین، ئێمە بێگومان درێخی
ناکەین.
من لێرەوە سوپاسی حکومەتی یۆنان و بەڕێز کۆنسووڵی
گشتیی یۆنانیش دەکەم کە نوێنەرایەتیی وڵاتەکەیان دەکات کە یارمەتی ئەم پرۆژەیان
داوە و ئەو نەمامانە لە وڵاتی یۆنانەوە هێنراون بۆ هەولێر کە لێرە ئێمە بتوانین ئەو
پرۆژەیە بە سەرکەوتوویی تەواو بکەین.
سوپاسی کۆمپانیای دۆسکی هۆڵدینگیش دەکەم کە ئەرکی
جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیەیان بەدەستەوەیە، دەستخۆشییان لێ دەکەم، هیوادارم هەموو سەرمایەدار
و بازرگان و ئەو کەسانەی کە توانای دارایی و ئیمکانیەتی ئەوەیان هەیە ئەم جۆرە پرۆژانە
جێبەجێ بکەن بێنە پێشەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان یارمەتیدەریان دەبێت، ئاسانکارییان
بۆ دەکات. نەک تەنیا ئەم جۆرە پرۆژانە بەڵکو هەر پرۆژەیەکی تر کە لە خزمەتی هاووڵاتییانی
کوردستاندا بێت ئێمە پشتگیرییان لێ دەکەین، ئاسانکاری بۆ دەکەین، یارمەتیشیان دەدەین
و دەستخۆشیشیان لێ دەکەین.
هیوادارم نموونەتان زۆر بێت، ئینشائەڵڵا
کوردستانمان رۆژ بە رۆژ بەرەوپێشەوە بچێت، ئاوەدانتر بێت، سەوزتر بێت، خەڵکی ئێمە
بەختەوەرتر بن و سەلامەتتر بن و کوردستانمان ئاوەدانتر بێت ئینشائەڵڵا."


