رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق دوو سکاڵای کۆمپانیای گشتیی بیمەی عێراق و فەرمانگەی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی دژی بڕیارێکی ساڵی 1992ـی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکلایی کردەوە و هەردوو سکاڵاکەی رەتکردەوە و پووچەڵی کردنەوە.
رۆژی یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە خشتەی بڕیارەکانیدا حوکمی لەبارەی دوو دۆسیەی تایبەت بە موڵک و باڵەخانەکانی دەوڵەت لە هەرێمی کوردستان دەرکرد.
بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی بەمجۆرە بوون:
- سکاڵای یەکەم لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بیمەی عێراقەوە تۆمارکرابوو دژی سەرۆکی حکومەت و وەزیری دادی هەرێمی کوردستان، کە تێیدا تانەی لە دەستووریبوونی بڕیاری ژمارە 3326ـی 24ـی تشرینی دووەمی 1992 دابوو و داوای گەڕاندنەوەی موڵکەکانی یان قەرەبووکردنەوەی دارایی دەکرد، دادگەی فیدراڵی سکاڵاکەی "بەهۆی نەبوونی پسپۆڕیی دادوەری" رەتکردەوە.
- سکاڵای دووەم لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی عێراقەوە دژی سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوو، بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەمان بڕیاری کارگێڕیی ساڵی 1992 و گێڕانەوەی دۆخەکە بۆ پێش دەرچوونی؛ دادگەی فیدراڵی بڕیاریدا بە "پووچەڵکردنەوەی سکاڵاکە."
بڕیاری ژمارە 3326ـی ساڵی 1992 چییە؟
بڕیاری ژمارە 3326، لە 24ـی تشرینی دووەمی ساڵی 1992 لەلایەن کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرکراوە، کە تێیدا بڕیاردرا سەرجەم موڵک و ماڵی گشتی، بینای فەرمانگە و دامەزراوەکان، خانوو و شوقە حکومییەکان لە سنووری هەرێمی کوردستان، لەسەر وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان تۆمار بکرێن، لەکاتێکدا پێش راپەڕینی 1991 لەسەر وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەتی ناوەندیی بەغدا تۆمار کرابوون.
لە چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام هەوڵی ئەوە هەبووە کە لە رێگەی دادگەی فیدراڵییەوە ئەو بڕیارە هەڵبوەشێندرێتەوە و موڵکەکان بۆ سەر خاوەندارێتیی بەغدا بگەڕێندرێتەوە.
ئەم بڕیارەی ئەمڕۆی دادگەی فیدراڵی درێژکراوەی ئەو زنجیرە سکاڵایانەیە کە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لەلایەن بەشێک لە بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵەوە دژ بە هەرێمی کوردستان جووڵێندرابوون. لە ئایاری ئەم ساڵ، وەزیری پێشووی دارایی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گشتیی بانکی رافیدەین، بانکی رەشید و کۆمپانیای نیشتمانیی بیمە، سکاڵایەکیان لە دادگەی فیدراڵی تۆمار کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری 3326 و دەستبەسەرداگرتنەوەی هەزاران باڵەخانە و موڵکی حکومی لە هەرێمی کوردستان. دادگەی باڵای فیدراڵی لە مانگی ئابدا ئەو سکاڵایەی رەتکردەوە بە پشتبەستن بە نەبوونی دەسەڵاتی دادوەری.
دادگەی فیدراڵی لە سەرجەم بڕیارەکانیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو بڕیار و یاسایانەی لە ساڵی 1992ـەوە لەلایەن پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرکراون، پێش پەسندکردنی دەستووری 2005ـی عێراق بوون و بەپێی مادەی 141ـی دەستوور پارێزراون و شەرعییەتی یاساییان هەیە و تاوەکو لەلایەن دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەڵنەوەشێندرێنەوە، کاریان پێدەکرێت.


