رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سووریا پڕۆسەی دابەشکردنی گازوایل (مازۆت) بەسەر ماڵاندا لە پارێزگای حەسەکە دەستیپێکردووە و بڕیارە هەر خێزانێک 200 لیتری پێبدرێت. بە گوتەی بەرپرسانی ناوچەکە، رۆژانە نزیکەی 40 بۆ 50 هەزار لیتر گازوایل دەگاتە پارێزگاکە.
نەوار مەحموود سەبری، ئەندامی نووسینگەی جێبەجێکاری پارێزگای حەسەکە و بەرپرسی کەرتی وزەی پارێزگاکە، لە هەڤپەیڤینێکدا کە نالین حەسەن لەگەڵی کردبوو، رۆژی یەکشەممە، 15ی تشرینی دووەمی 2026 لە بووڵتەنی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو پەخشکرا، رایگەیاند، "نرخی هەر لیترێک گازوایل (مازۆت) بە 1150 لیرەی سووری دیاریکراوە، کە دەکاتە نزیکەی یەک دۆلاری ئەمریکی."
ئەم نرخە لە کاتێکدایە کە لە ساڵانی رابردوودا نرخی لیترێک نەوت نزیکەی 7 سەنتی ئەمریکی بوو. نەوار مەحموود سەبری دان بەوەدا دەنێت، کە نرخەکە بۆ خێزانەکان گرانە و دەڵێت، "راستە نرخەکەی بەپێی توانای خەڵک نییە، بەڵام ئێمەش هەوڵی خۆمان داوە."
دابەشکردنی گازوایل لە کاتێکدایە کە وەرزی زستان نزیکدەبێتەوە و سەرما و سۆڵە ناوچەکەی گرتووەتەوە، لە رۆژئاوا خەڵک گازوایل بۆ سۆپا و خۆگەرمکردنەوە بەکاردێنن، ئەمەش لە کاتێکدا ساڵانی پێشوو پرۆسەکە لە کۆتایی وەرزی هاویندا تەواو دەبوو. بەرپرسەکەی کەرتی وزە هۆکاری دواکەوتنەکە روون ناکاتەوە، بەڵام دەڵێت، "هەوڵمانداوە بڕێکی زیاتر دابین بکەین، بەڵام ئەوەی ئێستا لە بەردەستماندایە سنووردارە."
پارێزگای حەسەکە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە نەوت لە سووریا، بەڵام وەک پێویست سوودمەند نییە. سەبارەت بەوەی کە ئایا پشکێکی تایبەت بۆ پارێزگاکە لە نەوتی دەرهێنراو دیاریکراوە، نەوار مەحموود گوتی، "پێویستە پشکی ئێمە زیاتر بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا مافی خەڵکەکەمان وەرنەگرتووە."
بەرزیی نرخ و دواکەوتنی دابەشکردنی گازوایل، ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی لێکەوتووەتەوە. لە ناوچەی تل تەمر، خەڵک رژانە سەر شەقامەکان و رێگەیان لە تانکەرە نەوتبەرەکان گرت. بەرپرسەکەی پارێزگای حەسەکە لەمبارەیەوە دەڵێت، "ئێمەش لەم دۆخە ناڕازین و لەگەڵ خەڵکین. هەر دەرفەتێکمان لەبەردەست بێت بۆ یارمەتیدانی میللەتی خۆمان، درێغی ناکەین."


