رووداو دیجیتاڵ
لە ئەلیگودەرزی لوڕستان، دەست بەسەر 25 تۆن برنجی بیانیی قاچاخدا گیرا. جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی پارێزگاکە دەڵێت، بایی 7.5 ملیار تمەنە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 15-11-2026، فەرهاد ئەبداڵ چەگینی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی بەقاچاخبردنی کاڵا، بارهەڵگرێکیان لە شاری ئەلیگودەرز وەستاندووە کە خۆراکی قاچاخی بارکردووە.
بەگوتەی فەرهاد ئەبداڵ چەگینی، لە بارهەڵگرەکەدا دەست بەسەر 25 تۆن برنجی بیانیی قاچاخدا گیراوە کە بەهاکەی دەگاتە 7.5 ملیار تمەن (نزیکەی 28 هەزار دۆلار).
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی پارێزگاکە ئەوەشی خستەڕوو، پەیوەست بە دۆسیەکە، دەست بەسەر بارهەڵگرەکەشدا گیراوە و شۆفێرەکەی دەستگیر کراوە.
فەرهاد ئەبداڵ چەگینی دەشڵێت، بۆ رێکخستنەوەی بازاڕ، بەردەوام دەبن لە رێگریکردن لە بەقاچاخبردنی کاڵا و دەستگیرکردنی سەرپێچیکاران.


