رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، "فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان هەروەها لیواکانی بە هاوبەشی راسپاردووە بە داخستنی رێگە لاوەکییە خۆڵەکان کە وەک رێڕۆی پرۆسەکانی قاچاخچێتیی نەوت دەستنیشان کراون." قائیمقامی مەخمووریش رەتی دەکاتەوە لە سنووری قەزاکە جووڵە بە هێز کرابێت و جەخت دەکاتەوە کە دۆخەکە ئاساییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، رزگار محەممەد، قائیمقامی مەخموور بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، عێراق هیچ هێزی نەناردووەتە سنووری مەخموور، ئەوەی هەبووە کاروانێک بووە بۆ گەڕان و پشکنین و گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.
رزگار محەممەد گوتیشی: "کاروانەکە 3-4 هەمەری سەربازی بوون، پێشتریش بەو جۆرە گەڕاون و هیچ پەیوەندییەکی بەم دۆخەی ئێستاوە نییە."
بە گوتەی قائیمقام، دۆخی مەخموور ئاساییە و هیچ جووڵەیەکی نائاسایی بەدی نەکراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکە ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، تایبەت بە بڵاوەپێکردنی یەکە سەربازییەکان و کۆنترۆڵکردنی ناوچە جیاوازەکان لە هەموو پارێزگاکان، لە نێویاندا پارێزگای کەرکووک.
یەحیا رەسووڵ رایگەیاند: "عەلی فالح زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، فەرمانی کردووە بە بڵاوەپێکردنی یەکە سەربازییەکان و کۆنترۆڵکردنی ناوچە جیاوازەکان لە هەموو پارێزگاکان، لە نێویاندا پارێزگای کەرکووک."
لەبارەی مامەڵە لەگەڵ پێشمەرگە و هەرێمی کوردستانیش، یەحیا رەسووڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشمەرگە برامانن، هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ گەلی کورددا نییە و، ئێمە مامەڵەیەکی دەستووری لەگەڵ پرسی دەروازە سنوورییەکان و نەوتیشدا دەکەین."
گوتیشی: "فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان هەروەها لیواکانی بە هاوبەشی راسپاردووە بە داخستنی رێگە لاوەکییە خۆڵەکان کە وەک رێڕۆی پرۆسەکانی قاچاخچێتیی نەوت دەستنیشان کراون."
ئاماژەی بەوەش کرد: "یەکەکانی سوپای عێراق کە لە پارێزگای کەرکووکن، ئەو فەرمان و رێنماییانە جێبەجێ دەکەن کە لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە دەرچوون"، جەختیشی لە "ئامادەیی وەزارەتەکە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی پێی دەسپێردرێن" کردەوە.


