رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی ئەو زانیاریی تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، ئەمڕۆ تۆم باراک و مەسرور بارزانی بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان تاوتوێ کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکییەکان بە سەرۆکوەزیرانی عێراقیان گوتووە، نابێت هێز دژی هەرێمی کوردستان بجوڵێنێت.
هێڤیدار ئەحمەد، رۆژنامەڤانی رووداو، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 08:00دا گوتی: "تۆم باراک، نوێنەری ئەمریکا لە عێراق و سووریا ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 25-11-2026 بە تەلەفۆن لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان قسەی کردووە و پێشنیازی کردووە کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن".
دوای بڕیارێکی دادگەی فیدراڵی کە بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی دژی هەرێمی کوردستان پەسەند کرد، رۆژنامەڤانەکەی رووداو لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق قسەی کردووە و پلانی دواتری سەرۆکوەزیرانی عێراقی پرسیوە، کە ئایا هاوشێوەی جورف نەسر (جورف سەخر) کاتێک دیاری دەکات کە بەهێزەوە چووە ناوی، یان پلانی چییە؟.
لەبارەی وەڵامی سەرچاوەکانییەوە هێڤیدار ئەحمەد گوتی: "زەیدی گوتوویەتی، کۆنترۆڵی نەوت و وزەی هەرێمی کوردستان لەو ناوچانەی لەنێو مادەی 140دان دەبێت بکەونە ژێر کۆنترۆڵی ئێمە، جا بە پاسەوانی سنوور بێت لە هەرێمی کوردستان یان هێزەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان، ئەگەر ئەوان چارەسەریان نەکرد، ئێمە خۆمان هێز بەکار دەهێنین".
لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکاوە هێڤیدار ئەحمەد گوتی: "راستگۆیانە دەڵێم ئەمریکا پەیامی بە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق داوە و راشکاوانە گوتوویەتی نابێت هێز دژی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنێ، ئەمە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێ، ئەو قسەیە راشکاوانە بە زەیدی گوتراوە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەڤانەکەی رووداو، بڕیارە سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتان لە عێراق کۆببێتەوە و دۆخەکەیان بۆ روون بکاتەوە و پلانەکانی داهاتووشی بخاتەڕوو.
هێڤیدار ئەحمەد گوتی: "هەرێمی کوردستان دۆزی نەتەوەیەکە و وەکو جورف سەخر نییە و بۆ ئەوەشی روویداوە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر لەیەک نزیک بوونەتەوە".
بەگوتەی هێڤیدار ئەحمەد، پێشنیازێک هەیە دەستەیەکی سیاسی و یاسایی بە بەشداری پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکە پێکەوە بچنە بەغدا بۆ کۆبوونەوە، ئەویش لەکاتێکدا کە دۆخەکە بگات بەوەی گفتوگۆ بکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
گوتیشی، لەگەڵ فەڕەنسییەکان قسەی کردووە و ئەوان دڵنیاییان پێداوە، "لەکاتی پێویستی پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان دەکەن".


