رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رایدەگەیێنێت، دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەژێر مەترسیدارترین هەڕەشەکانی سەردەمی خۆیدایە و داوا لە لایەنەکان دەکات بەر لەوەی کات لەدەستبچێت، پەلەبکەن لە پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتوو.
مستەفا هیجری ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەشێک لەو دۆخە مەترسیدارەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرهەمی کێشە و بەربەرەکانیی حیزبە دەسەڵاتدارەکان و رێکنەکەوتنیانە لەسەر پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتی هاوبەش، دوای تێپەڕینی زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر دوایین هەڵبژاردنەکاندا.
مستەفا هیجری وێڕای راگەیاندنی پشتیوانیی حیزبەکەی بۆ هەرێمی کوردستان وەک دەستکەوتێکی نەتەوەیی، نیگەرانیی خۆی لە دۆخەکەدا دەربڕیوە و دەڵێت: "داوام ئەوەیە تاوەکو کات لەدەستنەچووە، بەرپرسیارانە لە پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتوو و یەکڕیزیی نیشتمانی پەلەبکەن و بە هاودەنگی و لە چوارچێوەی رێوشوێنی یاساییدا رووبەڕووی ئەم بارودۆخە مەترسیدارە ببنەوە."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بیری لایەنەکانی هێناوەتەوە کە قەوارەی هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێنی دەیان و سەتان هەزار لە رۆڵەکانی کورد و قوربانییانی ئەنفال و کیمیابارانە و موڵکی تەواوی نەتەوەی کوردە لە هەموو بەشەکانیدا، هۆشداریشیداوە کە "داگیرکەرانی کوردستان لەکاتی لاوازیدا پیلانی نەگریسی خۆیان دەبەنەسەر."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مستەفا هیجری جەختیکردووەتەوە: "مێژوو ئەو لایەنانە نابەخشێت کە ئەم دەستکەوتە نەتەوەییە بکەنە دەستمایە و بارمتەی رقەبەرایەتییەک کە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی تێدا ببێتە قوربانی."



