رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی شوان لە پارێزگای کەرکووک دەڵێ، لەگەڵ سوپا و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان رێککەوتوون کە زانیاریی سەرجەم ئەو بارهەڵگرانەی لە سنووری ناحیەکەوە دەچنە نێو شاری کەرکووک تۆمار بکرێن؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "بڕیارەکە بۆ رێگریکردنە لە قاچاخچێتی و دوای ئەوە دێت کە چەند رۆژێک پێش ئێستا بارهەڵگرێک چەوی بارکردبوو و لەژێرەوە تانکیی گازی شاردبووەوە."
بڕیار شوانی، بەڕێوەبەری ناحیەی شوان لە پارێزگای کەرکووک، رۆژی شەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2026 بە رووداوی راگەیاند: "سەرجەم شۆفێری ئەو بارهەڵگرانەی لە رێگەی ناحیەکەوە و بە بازگەی شواندا دەچنە نێو شاری کەرکووک، دەبێت بە زووترین کات پشتگیریی ئەو کۆمپانیا یان کارگانە بێنن کە کاری هاوردەکردن یان هەناردەکردنی کاڵا و شتومەکیان بۆ دەکەن".
بڕیار شوانی گوتی: "پێویستە شۆفێران زانیاریی تەواو لەسەر خۆیان و بارهەڵگرەکانیان بە شێوەی لیست یان بە تاک پێشکێش بکەن، کە بریتین لە ناوی سیانی شۆفێر، ناوی سیانی خاوەن ئۆتۆمبێل، جۆری ئۆتۆمبێل، رەنگی ئۆتۆمبێل و ژمارەی ئۆتۆمبێل، تاوەکو بە نووسراوی فەرمیی ناحیە پشتگیری بکرێن و لە بازگەکان بناسرێن".
بەڕێوەبەری ناحیەی شوان گوتی: "ئێمە رێککەوتنێکی 100٪ـمان لەگەڵ سوپا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان و بەتایبەت بازگەکە کردووە، کە لە ئەمڕۆ شەممەوە، 28ـی تشرینی دووەم، ئەفسەرێک لەو شوێنە دەستبەکار دەبێت و هاوئاهەنگیی تەواومان لەگەڵی دەبێت."
سەبارەت بە چۆنیەتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە، بڕیار شوانی نموونەی بە کارگەکانی کۆنکرێت هێنایەوە و گوتی: "ئەگەر بارهەڵگرێک قوم و چەو بۆ کارگەیەکی کۆنکرێت ببات، کارگەکە نووسراوێک دەکات کە ئەو ژمارە بارهەڵگرە کەرەستەی بۆ دەبەن. ئێمەش بە نووسراوی فەرمی ئاراستەی بازگەی دەکەین و زانیارییەکانیانی تێدایە، بۆ ئەوەی لە بازگەکاندا بناسرێن و تووشی هیچ ئاستەنگ و رێگرییەک نەبن."
بەڕێوەبەری ناحیەی شوان هۆکاری سەرەکیی ئەو رێکارەی بۆ تووندکردنی رێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی گەڕاندەوە و گوتی: "بەهۆی ئەو رێکارانەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی گرتوویەتییەبەر، هێزە ئەمنییەکان فەرمانیان پێکراوە رێگە بە هیچ بارهەڵگرێک نەدەن ئەگەر نەناسرێ، چونکە سنوورەکەمان بە رێڕەوێکی سەرەکیی قاچاخچێتی دادەنرێت."
بڕیار شوانی باسی لەوەشکرد، چوار رۆژ لەمەوبەر بارهەڵگرێک کە چەوی بارکردبوو، دەستی بەسەردا گیرا کە بە تەواوی بۆدییەکەی کردبووە تانکی گاز و بەو شێوەیە ویستبووی قاچاخچێتی بکات، بۆیە هێزە ئەمنییەکان دەیانەوێ سەرجەم بارهەڵگرەکان بناسرێن و زانیارییان لەلابێت.
بە گوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی شوان، پێشتر هەمان رێکاریان بۆ بارهەڵگرەکانی گواستنەوەی هێلکە و ماسی جێبەجێ کردووە و سەرکەوتوو بووە، ئێستاش لە کەرتی گواستنەوەی قوم و چەوەوە دەستپێدەکەن و دواتر سەرجەم کەرت و کۆمپانیاکانی دیکەش دەگرێتەوە.



