رووداو دیجیتاڵ
لە شاخی سەرچنار لە سنووری شاری سەقزی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستاندا، هەڵمەتی ساڵانەی زاگرۆسانە بە بەشداریی بەرفراوانی چالاکڤانانی ژینگە و هاونیشتمانییان بەڕێوەچوو و تێیدا سەتان نەمام روێندران و دەنکە بادام چەقێنران.
هەڵمەتەکە بە دەستپێشخەریی هەردوو رێکخراوی ژینگەپارێزیی ژیانی سەوزی سەقز و یارانی زاگرۆس رێکخرابوو و تێیدا ژمارەیەک رێکخراوی مەدەنی، گرووپی شاخەوانی و وەرزشی و ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییانی ژینگەدۆست بەشدارییان تێداکرد.
رێوڕەسمەکە بە گوتنەوەی سروودی "خوایە وەتەن ئاوا کەی" لەلایەن بەشداربووانەوە دەستیپێکرد؛ دواتریش چەندین گوتار، شیعر و گۆرانیی کوردی پێشکێشکران.
ژمارەیەک کەسایەتی و چالاکڤانی بواری ژینگە لە گوتارەکانیاندا تیشکیان خستە سەر گرنگیی پاراستنی ژینگە، پەرەپێدانی کولتووری نەمام رواندن و پاکڕاگرتنی سرووشت؛ هاوکات رێنمایی و ئامۆژگاریی پێویست درایە بەشداربووان.
ئازاد ئەمینی، ئەندامی ئەنجوومەنی ژینگەپارێزانی سەقز، سەبارەت بە ئامانجی رێکخستنی رێوڕەسمەکە گوتی: "هاتووین لەگەڵ هەموو کۆمەڵانی خەڵک، بۆئەوەی هاواربکەین بۆ دادپەروەرییەکی ژینگەیی، بۆئەوەی بەڵێنبدەینەوە کە ئەگەر ئەم ژینگەیە بە هەر شێوەیەک لەژێر دەستی هەر نەیارێکدا بێت و ستەمی لێبکرێت، ئێمە هەموومان هەین و بۆ پاراستنی ژینگە بەردەوامدەبین."
ئەمینی گوتیشی: "بە ئامادەبوونی کۆی رێکخراوە ژینگەپارێزییەکانی سەقز و شارەکانی دەوروبەری، کۆی شاخەوانانی شارەکەمان و هەروەها فێرگە زانستییەکانی نێوشار و رێکخراوە مەدەنییەکان، دیسانەوە بە ژینگە و بە نیشتمان و بە زاگرۆس دەڵێین کە تەنیا نییە و ئێمە لەپشتین."
ساڵانە لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا سەتان هێکتار دارستان و لەوەڕگە بە هۆکاری جیاواز لەنێودەچن؛ هەر ئەوەش بووەتە هۆی زۆربوونی چالاکیی خۆبەخشانەی ژینگەدۆستان و پارێزەرانی سرووشت.
چالاکیی زاگرۆسانە لە ساڵی 2018ـەوە لە هەموو ناوچەکانی زاگرۆسدا دەستیپێکردووە؛ ساڵانە لەم کاتانەدا لە هەموو پارێزگاکانی نزیک چیای زاگرۆسدا دەست بە چاندنی ژمارەیەک داری جیاواز دەکرێت.



