رووداو دیجیتاڵ
شاندی باڵای پارتی گەیشتنە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی و ئێستا لە کۆبوونەوەدان.
شاندەکەی پارتی پێکهاتووە لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، جێگرانی سەرۆکی پارتی لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی.
شاندەکەی یەکێتیش پێکهاتووە لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی؛ قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری سکرتارییەتی جەلال تاڵەبانی؛ ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی.
رووداو زانیویەتی، لە کۆبوونەوەکەدا تیشک دەخرێتە سەر پەیوەندییەکانی هەردوو حیزب، دۆخی هەرێمی کوردستان و هەنگاو و بڕیارەکانی ئەم دواییەی حکومەتی عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان.
رۆژی سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق زنجیرەیەک بڕیاری دەرکرد تایبەت بە کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبردنی ژمارەیەک کێڵگەی نەوتی لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە، ئەوەش ناڕەزایەتی لە لایەن هەولێرەوە لێکەوتەوە.

هەمان رۆژ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا سەرکۆنەی بڕیارەکانی زەیدییان کرد. هەردوو حیزبەکە هەنگاوەکانیان بە پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکان و بەزاندنی "هێڵی سوور" ناوبرد و جەختیان لە "گفتوگۆ" کردەوە لەبری "بڕیاری تاکلایەنە."

کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە، بڕیارە رۆژی سێشەممە کۆبوونەوەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لە بەغدا بەڕێوەبچێ. دوێنێ هەینی حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەو بارەیەوە گوتی، ئەو دانیشتنەی دیالۆگی نیشتمانی کە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەستپێشخەری بۆ کردووە و بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت، دۆسیە ناکۆکەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان تێیدا تاوتوێ دەکرێن.
حەیدەر عەبوودی گوتی: "بە رۆحێکی نیشتمانییەوە کە پشت بە دەستوور دەبەستێت و بەرژەوەندییە باڵاکانی هەموو عێراقییەکان دەخاتە پێش هەموو شتێکەوە، دەڕوانینە دیالۆگی چاوەڕوانکراوی رۆژی یەکی کانوونی یەکەم."


