رووداو دیجیتاڵ
ئۆڵۆمپیادی ژیریی دەستکرد بە بەشداریی 100 گەنج لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەرکووک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەستیپێکرد. بەشداربووان لە چوار هەفتەدا راهێنانیان پێدەکرێ بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی کۆمەڵگە و کۆمپانیا ناوخۆییەکان و دواتر براوەکان دەنێردرێنە کۆریای باشوور.
ئەمڕۆ شەممە 28-11-2026، یەکەمین ئۆڵۆمپیادی تایبەت بە ژیریی دەستکرد بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو و بە هاوبەشی لەگەڵ کۆریای باشوور دەستی پێکرد. دڵنیا رەحمان، پەیامنێری رووداو لە شوێنی بەڕێوەچوونی ئۆڵۆمپیادەکە رایگەیاند، لە کۆی دوو هەزار گەنج کە فۆڕمی داخوازییان بۆ بەشداریکردن لەم پرۆگرامەدا پڕکردبووەوە، 100 گەنج دەستنیشان کراون بۆ ئەوەی بەشداریی کێبڕکێکە بکەن.
پەیامنێری رووداو دەڵێ، دوای رێوڕەسمی دەستپێکردنی ئۆڵۆمپیادەکە، بەشداربووان دەگەڕێنەوە شارەکانی خۆیان و لە لایەن کۆمپانیای (ئۆڤانا)وە کە رێکخەری پرۆگرامەکەیە، راهێنەریان بۆ دابین دەکرێ تاوەکو لە ماوەی یەک مانگدا راهێنانیان پێبکەن.
کێبڕکێی گەنجەکان و گەشتکردن بۆ کۆریا
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، لە رێوڕەسمەکەدا چەند پانێڵ و کۆنفرانسێک بەڕێوەدەچن و کۆمپانیا ناوخۆییەکان ئەو کێشە و پێداویستییانە دەخەنەڕوو کە لە بواری ژیریی دەستکرددا هەیانە، تاوەکو گەنجە بەشداربووەکان لە ماوەی راهێنانەکانیاندا کار بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو ئاریشانە بکەن.
دڵنیا رەحمان روونیکردەوە، دوای تەواوبوونی ماوەی راهێنانەکان، بەشداربووان بە شێوەی تاک یان گرووپی سێ کەسی هەڵدەسەنگێندرێن، دواتر سێ براوە یان سێ گرووپی براوە دەستنیشان دەکرێن و وەک خەڵاتکردنیان دەنێردرێن بۆ کۆریای باشوور، تاوەکو لەوێش راهێنانی پێشکەوتووتریان پێبکرێ و دواتر بگەڕێنەوە بۆ خزمەتکردنی کۆمپانیا ناوخۆییەکان.
بەشداربووان چۆن باس لە ئامانجەکانیان دەکەن؟
شاهان، خوێندکاری بواری ژیریی دەستکرد کە لە سلێمانییەوە بەشداری کردووە، بە پەیامنێری رووداوی گوت، گەنجانی کوردستان هەوڵ دەدەن ئەو کێشانە دەستنیشان بکەن کە لە کوردستاندا هەن و لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە چارەسەریان بکەن و شوێنپەنجەی خۆیان جێبهێڵن.
شاهان بە رووداوی گوت: "پێشتر لە بواری کشتوکاڵیدا پرۆژەم هەبووە و ژیریی دەستکردم تێدا بەکارهێناوە. ئەم ئۆڵۆمپیادە بە دەرفەتێکی گەورە دەزانم بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ کۆنسووڵگەری کۆریا و پەرەپێدانی تواناکانم لە بواری ژیریی دەستکرد."
ئەرسەلان، دەرچووی زانستی کۆمپیوتەر کە لە زاخۆوە بەشداری کردووە، لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری رووداو رایگەیاند، ئامانجی ئەوەیە وەک گەنجێکی کورد کارامەییەکانی خۆی بەکاربێنێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لە خزمەتی کۆمەڵگەی کوردیدان.
ئەرسەلان بە رووداوی گوت: "پێشتر لە چەندین بواردا کارم کردووە، بەتایبەتی لە بواری تەندروستی و خزمەتکردنی کۆمپانیا و بزنسەکان. پێم وایە لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە دەتوانین بزنسەکان بەرەوپێش ببەین و بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانیان باشتر بکەین."
لە چەند ساڵی رابردوودا گرنگیدان بە تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد لە هەرێمی کوردستان رووی لە زیادبوون کردووە و چەندین کۆنفرانس، پێشبڕکێ و خولی راهێنان لە لایەن زانکۆکان، ناوەندەکانی داهێنان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە رێکخراون، بە ئامانجی بەستنەوەی توانای گەنجان بە بازاڕی کار و دۆزینەوەی چارەسەری تەکنەلۆجی بۆ کەرتە جیاوازەکان.


