رووداو دیجیتاڵ
ئیبراهیم دۆوگوس، بەڕێوەبەری سەنتەری پێشکەوتنی کورد لە بەریتانیا دەستی بە هەڵمەتێک بۆ وەرگرتنی زانیاری لە ئید میلیباند، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەبارەی ناکۆکییەکانی ئێستای هەولێر و بەغدا کردووە. دۆوگوس و تیمەکەی داوایان لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکانی نوێنەران (پەرلەمان) و لۆردان (پیران) کردووە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بکەن و بەشێکیان لەسەر ئەوە نامەیان بۆ وەزیری دەرەوەیان ناردووە و داوای روونکردنەوەیان لێکردووە.
کاترین وێست، ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا لە پارتی کاری دەسەڵاتدار لەسەر ئەم پرسە نامەیەکی بۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی ناردووە.
وێست لە پرسیارەکەیدا دەڵێ: "پرسیار بۆ وەزیری دەرەوە و کاروباری کۆمۆنوێڵس و گەشەپێدان، سەبارەت بەوەی چ گفتوگۆیەکی لەگەڵ هاوتا عێراقییەکانی کردووە لەسەر یارمەتیدان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق؟ ئایا شانشینی یەکگرتوو هیچ هاوکارییەکی دیپلۆماسی پێشکێش کردووە؟"
پەرلەمانتارەکە لە نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، دەبێ هەموو رێکارێک بۆ رێگری لە گرژی زیاتر بگیرێتەبەر.
بارۆنێس فۆستەری ئاگادرۆمسی، ئەندامی ئەنجوومەنی لۆردانی (ئەنجوومەنی پیران) بەریتانیا لەسەر هەمان پرس ژمارەیەک پرسیار و داواکاری بۆ وەزیری دەرەوە و حکومەتی وڵاتەکەی ناردووە و ئەمەش دەقەکەیانە:
- حکومەت چ هەڵسەنگاندنێکی بۆ مەترسییەکانی سەر هاووڵاتییانی مەدەنی کردووە لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی هەرێمی کوردستان؟
- چ هەنگاوێک لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان دەنێن بۆ رێگریکردن لە هەڕەشەکردن یان بەکارهێنانی هێز لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان؟
- چ پلانێکتان هەیە، ئەگەر هەبێت، بۆ پێشکێشکردنی پشتیوانیی دیپلۆماسی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو یارمەتیدەر بێت لە گەیشتن بە چارەسەرێکی دانوستاندنکاری لەگەڵ بەغدا کە رێز لە پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بگرێ لە چوارچێوەی حکومەتی فیدراڵیی عێراق؟
- چ پلانێکتان هەیە، ئەگەر هەبێت، بۆ قسەکردنی راستەوخۆ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێش ئەو گفتوگۆیانەی نێوان حکومەتەکانی ئەو هەرێمە و عێراق کە بۆ 1ی کانوونی یەکەم پێشنیاز کراون؟
- چ هەنگاو و پەیوەندییەکتان لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ناوە سەبارەت بە هێورکردنەوەی گرژییەکان لەسەر دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکان؟
پلانەکەی سەنتەری پێشکەوتنی کورد بۆ هێنانە سەر هێڵی حکومەتی بەریتانیا
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، ئیبراهیم دۆوگوس، دامەزرێنەری سەنتەرەکە ناوەڕۆکی پلانەکەی بۆ رووداو نارد و لە بەشی یەکەمی پلانەکەدا هاتووە، ناوەندەکەیان ئەو هەنگاوە کردارییانەی خستوونەتەڕوو کە ئێستا دەستیان پێکردوون و قۆناخەکانی داهاتوویانی دیاریکردووە.
ناوەندەکە نامەی بۆ ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا، ئەندامانی ئەنجوومەنی لۆردان (ئەنجوومەنی پیران)، پەرلەمانتارانی سکۆتلاند و ئەندامانی پەرلەمانی وێڵز ناردووە و داوای لێکردوون دۆخەکە لەگەڵ ئێد میلیباند باس بکەن.
بەگوێرەی پلانەکە، هەنگاوی داهاتوویان بریتییە لە تۆمارکردنی ئەو پرسیارانەی پێشکێش کراون، بڵاوکردنەوەی ژمارەی ئاماژەپێدانیان لە کاتی بەردەستبوون و بەدواداچوون لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارانەی دەتوانن پرسەکە لە ئەنجوومەنی نوێنەران بوروژێنن.
سەنتەرەکە دەستی بە هەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەی واژۆش کردووە و لە رێگەیەوە پشتیوانان کۆدی پۆستەکەیان دەنووسن و راستەوخۆ نامەیەک بۆ پەرلەمانتاری بازنەکەیان دەنێردرێت کە داوایان لێدەکات نامە بۆ وەزیری دەرەوە بنووسێت.
هەنگاوی داهاتوو ئەوەیە داواکارییەکە لە رێگەی ئەندامانی ئەنجوومەنە خۆجێییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگە و پشتیوانانەوە بڵاوبکرێتەوە و داوا لە خەڵک بکرێ هەر وەڵامێکی پەرلەمانتارەکانیان بنێرنەوە، تاوەکو چاودێریی ئەوە بکرێت کە چی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و ناوەندەکانی دیکەیان باس دەکرێت.
ناوەندەکە پەیوەندیی بە رۆژنامەڤانانی کاروباری دەرەوە و ژووری هەواڵی کەناڵەکانی بەریتانیاوە کردووە بۆ لێدوان و چاوپێکەوتنی خێرا لەگەڵ شرۆڤەکاران لە بەریتانیا و هەرێمی کوردستان. لە هەنگاوی داهاتوودا، لیستێکی کورت لە کەسایەتییە سیاسییەکان، رۆژنامەڤانان، ئەکادیمییەکان و هاووڵاتییانی ئامادە، لەگەڵ شوێنی نیشتەجێبوون، زمانەکان و کاتی بەردەستبوونیان ئامادە دەکرێت و بەدواداچوون لەگەڵ رۆژنامەڤان و پرۆدیوسەرە پەیوەندیدارەکان دەکرێت لەگەڵ پەرەسەندنی رووداوەکاندا.
ناوەندەکە داوا لە گرووپی پەرلەمانیی تایبەت بە کورد دەکات داوای کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ ستیڤن دۆتی، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات، هەروەها بانگهێشتی گرووپی پەرلەمانیی تایبەت بە هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی بچنە پاڵ داواکارییەکە. هەنگاوی داهاتوو ئەوەیە داوا لە سەرۆکی هەردوو گرووپەکە بکرێ هەوڵی سازدانی مێزگردێکی هاوبەشی بەپەلە بدەن و ئەگەر کۆبوونەوەکە بە خێرایی رێکنەخرا، داوای وەڵامی نووسراو بکەن.
گرووپی پەرلەمانیی تایبەت بە کورد لەو پەرلەمانتارە پێشووەکانی بەریتانیا و ئەندامانی پێشووی ئەنجوومەنی پیران پێکدێت کە دەیانەوێت کار لەسەر پرسی کورد بکەن.



