رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە عەگید کابایێل، بۆکسێنەری کورد دەکات بەبۆنەی بردنەوە مێژووییەکەی و بەرگریکردنی لە پشتێنی پاڵەوانی جیهان بۆ کێشی قورس (WBC) و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ دەخوازێت.
رۆژی یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: "گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی پاڵەوانی جیهانیی بۆکسێنی کورد عەگید کابایێل دەکەم بەبۆنەی بردنەوە مێژووییەکەی و بەرگریکردنی لە پشتێنی پاڵەوانی جیهان بۆ کێشی قورس (WBC). هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامی بۆ دەخوازم."
پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2026، بە ئامادەبوونی 53 هەزار هاندەر لە یاریگەی ئێسپریت ئارینا لە شاری دووسڵدۆرفی ئەڵمانیادا، عەگید کابایێل، بۆکسێنەری ئەڵمانیی بە رەچەڵەک کورد، سەرکەوتنێکی خێرای بەسەر نێڵسۆن هیسای رکابەریدا تۆمارکرد و بۆ یەکەمجار بەرگری لە پشتێنی پاڵەوانێتیی جیهانیی (WBC) بۆ کێشی قورس کرد.
کابایێل توانی لە گەڕی دووەمدا و بە لێدانی یەکلاکەرەوەی تەکنیکی (TKO) یارییەکە لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلابکاتەوە، دوای ئەوەی لە خولەکی 2:42ـی گەڕی دووەمدا تیمی راهێنەرانی نێڵسۆن هیسا بەهۆی پێکانی ئەنیشکی یاریزانەکەیانەوە، خاولی خۆبەدەستەوەدانیان فڕێدایە نێو حەلەبەکە.
عەگید کابایێل وەک هەمیشە کوردبوونی خۆی دووپاتکردەوە و بە ئاڵای کوردستانەوە ئاهەنگی سەرکەوتنی گێڕا؛ لە یەکەم لێدوانی دوای بردنەوەکەشدا گوتی: "بژی کورد، بژی کوردستان."
کابایێل کە ئێستا خاوەنی 28 سەرکەوتنە بەبێ هیچ شکستێک (20ـیان بە لێدانی یەکلاکەرەوە)، هەر لە گەڕی یەکەمەوە بە خێرایی و هێزی دەستەکانی جیاوازییەکی زۆری دروستکرد و بە چەندین لێدانی بەهێزی دەستی راست و لێدانی خوارەوە (ئەپەرکەت) گوشاری زۆری بۆ سەر رکابەرەکەی دروستکرد.



