رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی پاسەوان سنووری مەریوان لە پارێزگای سنە دەڵێت، دەستیان بەسەر 147 سەر ئاژەڵدا گرتووە کە بە قاچاخ بەرەو باشووری کوردستان دەبران. ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لەسەر دۆسیەکە دەستگیر نەکراوە.
عەلی دەریکوەند، فەرماندەی پاسەوانی سنووری مەریوانی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، شەوی شەممە 28-11-2026، لە چوارچێوەی نەهێشتنی قاچاخی ئاژەڵدا، بۆسەیان بۆ چەند کەسێک داناوەتەوە کە ویستوویانە مێگەلێک لە سنووری نێوان شارەکە و باشووری کوردستان بپەڕێننەوە.
بەگوتەی عەلی دەریکوەند، هێزەکانیان توانیویانە لە هەڵمەتەکەدا دەست بەسەر 147 سەر مەڕدا بگرن، بەڵام هیچ کەسێکیان لەسەر دۆسیەکە دەستگیر نەکردووە.
وەک فەرماندەی پاسەوان سنووری مەریوان گوتی، خاوەن ئاژەڵەکان توانیویانە لە تاریکیی شەودا هەڵبێن و خۆیان حەشار بدەن، ''بەڵام تاوەکو کاتی دەستگیرکردنیان، گەڕان بەدوایاندا بەردەوام دەبێ''.
عەلی دەریکوەند ئەوەشی خستەڕوو، بەگشتی بەهای ئاژەڵەکان بە حەوت ملیار تمەن (23 هەزار دۆلار) دەخەمڵێندرێت.
دەستبەسەرداگرتنی مەڕ و ئاژەڵ لەلایەن پاسەوانی سنوور لە مەریوان، بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی ئاژەڵ بەرەو هەرێمی کوردستان یان لەوەڕاندنیان لە ناوچە ئەمنییە قەدەخەکراوەکان دەکرێت.
بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی کاڵا، دراو و ئاژەڵ لە ئێران، ''دەبێ دەستبەجێ ئاژەڵە دەستبەسەرداگیراوەکان لەلایەن هێزە یاساییەکانەوە رادەستی وەزارەتی کشتوکاڵ و رێکخراوی کۆکردنەوە و فرۆشتنی موڵکی دەوڵەت بکرێن، تاوەکو بۆ رێگریکردن لە لەنێوچوون و کەمکردنەوەی تێچووی بەخێوکردنیان، بە خێرایی لە رێگەی زیادکردنی ئاشکرا یان سەربڕینەوە، چارەنووسیان یەکلایی بکرێتەوە''.



