رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک دەڵێ، لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی "باند دروستبووە و سەرانە لە زیندانییەکان وەردەگرن". بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان رەتی دەکاتەوە.
هاونیشتمانییەکە ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "باندەکە دوو کەس سەرپەرشتی دەکات. لەم رۆژانەدا برایەکەم کە حوکمدراوە داوای پارەی کرد، ناردم بۆ هەژمارێکی ئێف ئای بی بۆی. کاتێک سەردانم کرد، گوتم هەژماری کێ بوو خۆ مۆبایل قەدەخەیە؟ گوتی باندەکە بوون و بە دزییەوە مۆبایلیان پێیە و ناچاریان کردم داوای پارەیان بۆ بکەم."
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، ئەو کەسانەی لە زیندانەکەدا وەک چاودێر دانراون پارە بە زۆر لە زیندانییەکان وەردەگرن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو دوو کەسە چەقۆ و بۆکس خەنجەریان پێیە، هیچ زیندانییەک ناتوانێ لە قسەیان دەربچێ، تەنانەت هێزە ئەمنییەکانی زیندانەکەش ئاگادارن و قسە ناکەن."
هاونیشتمانییەکە گوتی، بۆ پاراستنی ژیانی براکەی نایەوێ ناوی ئاشکرا بێ و دەڵێ، "ئەو دوو کەسە کە چاودێرن دووکانی تایبەت بە خۆیان هەیە و شت بە گران دەفرۆشن، ڤەیپ کە گوایە قەدەخەیە ببرێتە زیندان لای ئەوان، لە زیندانەکە دەفرۆشرێ بە 300 هەزار دینار، لەکاتێکدا لە دەرەوە 10 هەزار دینارە."
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان قسەکانی ئەو هاونیشتمانییە رەتدەکاتەوە و دەڵێ، ئەوەی باس دەکرێ پێشتریش باسکراوە و ناڕاستە.
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە. پێشتریش دەنگۆ لەسەر کەسێک بڵاوکرایەوە گوایە لەو چاکسازییە سەرانە وەردەگرێ، کە بەدواداچوونمان کرد هیچ بنەمایەکی نەبوو."
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان گوتی، "کێشە لەنێوان زیندانییەکان هەیە. کاتێک چاودێری هۆڵەکان دەگۆڕدرێ، ئەوانەی دژایەتی دەکەن جۆرەها دەنگۆی هاوشێوە بڵاودەکەنەوە، بۆیە ئێمە ئەوانەی ئێستا بڵاو دەکرێنەوە بە ناڕاست دەزانین."
لە هەرێمی کوردستان شەش چاکسازیی هەن، سێ چاکسازی گەوران و سێی ژنان و منداڵان، دوو لە پارێزگای سلێمانی، دوو لە هەولێر و دوو چاکسازییەکەی دیکە لە دهۆکن.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاکسازییەکان، زیاتر لە پێنج هەزار سزادراو لە شەش چاکسازییدا سزاکانیان بەسەر دەبەن.


.jpg&w=3840&q=75)