رووداو دیجیتاڵ لە دوو رووداوی جیاوازدا لە سنووری پارێزگاکانی دهۆک و هەڵەبجە دوو کەس بێ سەروشوێنن. رۆژی هەینی 26ی حوزەیرانی 2026، منداڵێکی تەمەن 3 ساڵ کە لەگەڵ خێزانەکەی بووە و بۆ سەیران چوونەتە نزیک زێی گەورە، ونبووە و تاکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە. عەقید ئیبراهیم فەریق، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ئاکرێ، رۆژی شەممە 27ی حوزەیرانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێشتا دڵنیا نین کە منداڵە تەمەن 3 ساڵانەکە کەوتووەتە نێو ئاوەکەوە، چونکە تەنیا نیشانەیەک کە بینیومانە، نەعلەکانی بووە کە لە دووری نزیکەی 400 مەترەوە لە نزیک ئاوەکە بوون." گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ئاکرێ گوتیشی، هەوڵەکان بە یارمەتی تیمی بەرگریی شارستانیی ئاکرێ و پۆلیسی بەردەڕەش و خەڵکی گوندەکانی چەمە و خارووک بەردەوامن و تاوەکو دۆزینەوەشی بەردەوام دەبن؛ ئاماژەی بەوەش کرد: "داوای هاوکاریمان لە تیمەکانی بەرگری شارستانیی چەند شوێنێک کردووە". هاوکات هەر دوێنێ گەنجێکی تەمەن 18 ساڵ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی بۆ سەیران چووبوونە ناوچەی سازانی هەڵەبجە و کەوتنە نێو رووباری سیروان، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەنووسی ئەو گەنجە دیار نییە. ئاکام قوتبەندین، گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە، لەبارەی گەڕان بەدوای تەرمەکەدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی زۆریی ئاوەکە و خێراییەکەیەوە تاکو ئێستا نەمانتوانیوە ئەو هاونیشتمانییە بدۆزینەوە. هەربۆیە ناچارین چاوەڕێ بکەین تا ئاوەکە هێمن دەبێتەوە". گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە دەڵێت: "تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە و پۆلیسی هەڵەبجە لە شوێنی رووداوەکەن و دوای ئەوەی بەهۆی تاریکی شەو و زۆریی ئاوی رووبارەوە گەڕان بە دوای ئەو هاونیشتمانییەدا بە شێوەی کاتی وەستا، لە کاژێر 05:00ی بەیانییەوە گەڕان دەستیپێکردووەتەوە و چاوەڕێی هێمنبوونەوەی ئاوەکە دەکەین بۆ ئەوەی گەڕانەکەمان چڕتر بکەینەوە".
هەواڵە ناوخۆییەکان27-06-2026بەرگریی شارستانیی هەولێر: گەنجێکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان کەوتووەتە نێو زێی گەورە و بەدوایدا دەگەڕێین