رووداو دیجیتاڵ ئاگر لە دەخڵودانی جووتیارێک لە سنووری ناحیەی ئیسێوەی سەر بە قەزای پشدەر لە پارێزگای سلێمانی کەوتەوە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین دەڵێ، ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە و هیچ زیانی گیانی نەبووە. رووداوەکە دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممە، 27-06-2026، لە زەوییەکی کشتوکاڵیی ناحیەی ئیسێوەی سەر بە قەزای پشدەری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین کەوتەوە و دەخڵودانی جووتیارێک بە تەواوی سووتا. عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا هۆکاری رووداوەکە نازانرێ، بەڵام دەڕاسیەکیش کە لەسەر زەوییەکە کاری کردووە، سووتاوە. بەگوتەی عەلی قادر، تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرەڕای ئەوەی درەنگ لە رووداوەکە ئاگادارکراونەتەوە، توانیویانە رێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری ئاگرەکە بکەن. وەک گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین دەڵێ، ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ کراوە، بەڵام دەڕاسەکە، پووش و پەڵاش، رووبەرێکی زۆر دەخڵودان و ژمارەیەک دار سووتان. تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی دەستنیشانکردنی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە و خەمڵاندنی قەبارەی زیانەکانن. عەلی قادر ئەوەشی خستەڕوو، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. بەگوێرەی بەرگریی شارستانیی راپەڕین، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نزیکەی 50 ئاگرکەوتنەوە لە سنووری ئیدارەکە روویانداوە.
هەواڵە ناوخۆییەکان27-06-2026لە دوێنێوە دوو کەس لە سنووری هەڵەبجە و ئاکرێ بێ سەروشوێنن؛ یەکێکیان کەوتووەتە نێو ئاو
هەواڵە ناوخۆییەکان27-06-2026بەرگریی شارستانیی هەولێر: گەنجێکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان کەوتووەتە نێو زێی گەورە و بەدوایدا دەگەڕێین