رووداو دیجیتاڵ بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە دەڵێت، بۆ وەرزی هاوین ژمارەیەکی زۆر گەشتیار رووی لە شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگاکە کردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، پێشبینی دەکەن ژمارەی سەردانکاران بۆ ئەم ساڵ زیاتر بێت لە یەک ملیۆن کەس. رۆژی دووشەممە، 29-06-2026، چیا قاسم، سەبارەت بە دۆخی گەشتیاریی پارێزگاکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی ''زۆر باش'' سەردانکار هاتوونەتە هەڵەبجە و بەردەوام لە زیادبوونە. بە گوتەی چیا قاسم، زیاتر لە 250 کافتریا، رێستورانت، خواردنی خێرا، شوێن و کەپری گەشتیاری، هۆتێل و مۆتێل لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە هەن کە ئامادە کراون بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران. بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە ئەوەشی خستە روو، هەوڵ دەدەن کوالێتیی شوێنە گەشتیارییەکان لە رووی خزمەتگوزارییەوە بەرز بکەنەوە، بۆ ئەوەی دۆخی گەشتیاریی ناوچەکە بەرەو باشتربوون بڕوات. چیا قاسم سەبارەت بە ژمارەی گەشتیار و سەردانکارانی پار گوتی، زیاتر لە یەک ملیۆن و 17 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی هەڵەبجەیان کردووە کە 400 هەزاریان بۆ فێستیڤاڵی هەنار هاتوون و شوێنە گەشتیارییەکانیشیان بەسەر کردووەتەوە. بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە پێشبینی دەکات، ئەم ساڵ ژمارەی گەشتیاران لە پار زیاتر بێت، ''بەڵام بابەتی زۆر هەن کە کاریگەرییان هەیە. پێویستە دۆخی ئابووری باش بێت و مووچە دابەش بکرێت، هەروەها ئارامیی ناوچەکە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی لە هاتنی گەشتیار بگەینە ئاستی چاوەڕوانیی خۆمان''. بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوای عاشوورا چاوەڕێی شەپۆلێکی دیکەی گەشتیاری دەکەن بۆ پارێزگاکە: ''هەروەها گەشتیارێکی باشی پاییزەمان دەبێت کە بە بۆنەی فێستیڤاڵی هەنارەوە روو لە هەڵەبجە دەکەن و شوێنە گەشتیارییەکانیش بەسەر دەکەنەوە.''
هەواڵە ناوخۆییەکان29-06-2026هێشتا چارەنووسی منداڵێک و گەنجێک لە دهۆک و هەڵەبجە ناڕوونە؛ "گومان دەکرێت خنکابن"
هەواڵە ناوخۆییەکان28-06-2026بەرپرسیار؛ کەسوکاری ئەو کرێکارانەی لە دهۆک گیانیان لەدەستدا داوای قەرەبوو دەکەن