رووداو دیجیتاڵ
دوای چەند رۆژێک گەڕان بەدوای گەنجێک و منداڵێک لە رووبارەکانی سیروان و زێی گەورە، هێشتا چارەنووسیان نادیارە. گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە دەڵێت، پێشتر نزیکەی 10 کەس لەو شوێنە خنکاون کە گەنجەکەی تێدا بێسەروشوێنە.
رۆژی دووشەممە، 29-06-2026، ئاکام قوتبەدین، گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە سەبارەت بە پڕۆسەی گەڕان بەدوای ئەو گەنجەی لە ئاوەماری سازان کەوتە نێو رووبار و بێسەروشوێن بوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێشتا تیمەکانیان لەگەڵ بەرگریی شارستانی، فریاکەوتن و خەڵکی ناوچەکە لە گەڕان بەردەوامن.
ئاکام قوتبەدین گوتی: "بە گوتەی شایەتحاڵان بێت، گەنجەکە خنکاوە، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین لە گەڕان."
گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە ئەوەشی خستە روو، ئەو شوێنەی رووباری سیروان کە گەنجەکەی تێدا بێسەروشوێن بووە، قووڵە و "تاوەکو ئێستا نزیکەی 10 کەس لەوێ خنکاون، بەڵام بەهۆی سەختیی شوێنەکەوە، تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە."
ئاکام قوتبەدین پێشبینی دەکات، ئەگەر گەنجەکە خنکابێت، هاوشێوەی ئەوانەی پێشوو، تەرمەکەی نەدۆزرێتەوە.
"لە هەندێک شوێن پانیی رووبارەکە نزیکەی 40 مەترە"
هاوکات زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، چوار رۆژە گەڕان بەدوای گەنجە بێسەروشوێنبووەکە دا بەردەوامە "بەڵام تاوەکو ئێستا چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە."
بە گوتەی زانیار عومەر، تیمەکانیان بەردەوامن لە گەڕان لەو شوێنانەی کە گومان دەکرێت تەرمی گەنجەکەی تێدا بێت، "بەڵام درێژیی رووبارەکە 25 بۆ 30 کیلۆمەترە و لە هەندێک شوێن پانییەکەی دەگاتە 30 بۆ 40 مەتر، دواتر دەڕژێتە دەریاچەی سیروان. بۆیە دۆزینەوەی تەرم تێیدا کارێکی ئاسان نییە."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە دڵنیایی دەدات "تاوەکو ئەو کاتەی هیوایەک هەبێت بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە، لە گەڕان بەدوای دا بەردەوام دەبین."
رائید زانیار عومەر سەبارەت بە هەبوونی کەرەستەی پێویست بۆ گەڕان بەدوای گەنجە بێسەروشوێنبووەکە دا دەڵێت: "سەرجەم کەرەستەی پێویست بەردەستە، بەڵام رێگەی دەوروبەری رووبارەکە زۆر ئەستەمە و ناتوانین هەندێک لە کەرەستەکان بەکار بهێنین."
ئێوارەی رۆژی هەینی، 26ـی حوزەیران، سێ گەنج لە هەڵەبجە کە بۆ سەیران سەردانی ناوچەی گەشتیاریی ئاوەماری سازانیان کردبوو، کەوتنە نێو رووباری سیروان.
دوو لە گەنجەکان لەلایەن خەڵک و تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە رزگار کران، بەڵام یەکێکیان بە ناوی (ب. ی) دەرنەهێنرایەوە و تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە.
"10 رۆژ گەڕان بەدوای منداڵەکە دا لە زێی گەورە بەردەوام دەبێت"
رووداو بەدواداچوونی بۆ دوایین زانیاریی تایبەت بە چارەنووسی ئەو منداڵە تەمەن سێ ساڵانەیەش کرد کە چوار رۆژ لەمەوپێش لە سنووری قەزای بەردەڕەشی دهۆک لە نزیک زێی گەورە ون بوو و تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە.
عەقید ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ بە رووداوی راگەیاند: "هێشتا چارەنووسی منداڵەکە نادیارە، بەڵام گەڕان بەدوای دا بەردەوام دەبێت."
بە گوتەی عەقید ئیبراهیم فەریق، لە نزیک رووباری زێی گەورە، لە کاتێک دا مەودای نێوان دایکی و باوکی منداڵەکە 10 مەتر بووە، "لەو مەودا کەمە دا بێسەروشوێن بووە و تەنیا نەعلەکانی لە نزیک ئاوەکە دۆزراونەتەوە."
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ ئاماژەی بەوەش کرد، بە مەودای زیاتر لە سێ کیلۆمەتر لە دەوروبەری شوێنی ونبوونی منداڵەکە، گەڕان بەدوای دا بەردەوامە.
لە هەندێک شوێن رووباری زێی گەورە قووڵاییەکەی دەگاتە نزیکەی پێنج مەتر. عەقید ئیبراهیم فەریق دەڵێت، تاوەکو هەفتەیەک بۆ 10 رۆژ لە گەڕان بەردەوام دەبن، دواتر تەنیا چاودێریی ئاوی زێی گەورە دەکەن، بۆ دۆزینەوەی تەرمی منداڵەکە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 9ـی حوزەیرانەوە تاوەکو 20ـی هەمان مانگ، 11 کەس لە باشووری کوردستان لە ئاو دا خنکاون.



