رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە کە ئەو هێلکەیەی بە ناوی "خۆماڵی" لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێ، بەرهەمی مریشکی کوردی نییە. دەشڵیت: "هێلکەی کوردی کاتی بەسەرچوونی لەسەر نییە و دەتوانن بەوە جیای بکەنەوە."
رۆژی دووشەممە 6ی حوزەیرانی 2026 فیراس سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، جۆرێکی هێلکە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، بە ناوی هێلکەی کوردی دەفرۆشرێت، بەڵام هێلکەی کوردی نییە.
چۆن هێلکەکان لە یەکدی جیادەکرێنەوە؟
فیراس سدیق لەبارەی جیاکردنەوەی هێلکەکە لە هێلکەی خۆماڵی دەڵێت: "ئەگەر زۆر بە وردی سەرنج بدەیت دەتوانیت جیایان بکەیتەوە، چونکە هێلکەکە لەگەڵ هێلکەی کوردی لە کێش و قەبارەدا جیاوازە، بەڵام گرنگترین خاڵ ئەوەیە، ئێمە هەموو خاوەن پەلەوەرخانەکان ناچار دەکەین کاتی بەرهەمهێنان و بەسەرچوون لەسەر هێلکەکان بدەن، کەواتە ئەو هێلکانەی رێککەوتیان لەسەر نییە خۆماڵین. هەموو ئەو مریشکانەی لە پەلەوەرخانەکانن مریشکی کوردی نین، بەڵکو چەند جۆرێک لە مریشکی دیکە هەن. بەشێک لە خاوەن پەلەوەرخانەکان بە ناوی هێلکەی کوردییەوە دەیفرۆشن."
بەپێی ئامارەکانی کشتوکاڵ، 65 پەلەوەرخانەی هێلکە لە هەرێمی کوردستان هەن و رۆژانە 21 هەزار کارتۆن هێلکە بەرهەم دەهێنن. هەر کارتۆنێک 360 هێلکەی تێدایە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێویستیی رۆژانەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تەنیا حەوت هەزار کارتۆنە 14هەزار کارتۆن لە پێداویستیی ناوخۆ زیاد دەبێت.



