رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک لە سۆشیال میدیا ڤیدیۆی ماسییەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ، لە بەنداوی گۆمەسپان لە هەولێر راوی کردووە و هەموو ماسییەکان نەخۆشن. بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، ناڕاستە و ماسییەکان سەلامەتن.
ماسییەکە لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێ چەندین خاڵ لە دوەوروبەری دەم و چاوی دروستبووە، ئەو کەسەی ڤیدیۆکەی بڵاوکردووەتەوە دەڵێ: "سەیری ماسییەکە بکەن، وێڕان بووە و نەخۆشن".
بێستوون بەکر، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاگاداری ڤیدیۆکەین، بەڵام راست نییە و ماسییەکان سەلامەتن".
بێستوون بەکر گوتیشی: "ئەو کەسەی ماسییەکەی گرتووە و ڤیدیۆی گرتووە شارەزایی لە ماسیدا نییە، هەندێک ماسی بەتایبەت نێرەکان ئەو کێشانەیان هەیە و ئاساییە".
بەڕێوەبەری سامانی ماسی ئاماژەی بەوەدا ئێستا و ساڵانی رابردووش ماسییەکانی هەرێمی کوردستان بێ هۆکار لەنێونەچوون، لە سلێمانی و چەند شوێنێکی دیکە ساڵانی رابردوو مردنی بەکۆمەڵی ماسییەکان هەبووە، بەڵام هەموویان هۆکاریان هەبووە، وەکو تێکەڵبوونی مادە ژەهراوییەکان بە ئاوەکە.
بێستوون بەکر دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان چاودێری بەنداوەکان و دۆخی ماسیی بەنداوەکان دەکەن، بەدواداچوونی زیاتر بۆ تەندروستی بەنداوەکانی بەنداوی گۆمەسپان دەکەن و تاوەکو ئەمڕۆ مردنی بەکۆمەڵی ماسییەکان لەو بەنداوە نەبووە.
بەنداوی گۆمەسپان، بە دووری 35 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر. لەدوای بەنداوەکانی دووكان و دەربەندیخان، سێیەم گەورەترین بەنداوە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و لە توانایدایە زیاتر لە 80 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلبداتەوە.


