رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانییانی سیاسیی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدیان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان، لەم هەفتەیەدا سەردانی بەغدا دەکەنەوە.
ئەحمەد مام رەسوول، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانییانی سیاسی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەم هەفتەیەدا سەردانی بەغدا دەکەینەوە و لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق کۆدەبینەوە".
پێشتر هەمان شاند لە بەغدا چەند کۆبوونەوەیەکیان بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسیی بە مووچەی زیندانیانی سیاسی عێراق کردووە، دوایین جار 02ـی ئەم مانگە گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.
ئەحمەد مام رەسووڵ گوتی: "ئامانجی کۆبوونەوەکانمان جگە لە هاوتاکردنی مووچە، گواستنەوەی مووچەی زنیدانیانی سیاسییە بۆ سەر عێراق".
دوایین جار 02ـی ئەم مانگە شاندەکە لە بەغدا لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی دامەزراوەی شەهیدانی عێراق کۆبوونەوە و سێ تەوەریان تاوتوێ کرد، کە بریتی بوون لە "خزمەتگوزاریی کەسوکاری ئەو شەهیدانەی پێویستیان بە پاڵپشتی حکومەتی فیدراڵ هەیە؛ بابەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و سێیەمیان هەمواری یاساکان بوو".
ئەحمەد مام رەسوول باسی لەوەکرد، بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیندانی سیاسیی لە رێککەوتنی کۆتایی نزیکن و ئامانجی سەرەکیی سەردانی ئەم جارەیان رێککەوتنە.
مووچەی زیندانییانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان 500 هەزار دینارە و هەوڵەکە بۆ ئەوەیە هاوشێوەی زیندانیانی سیاسیی لە عێراق مووچەیان بکرێتە ملیۆنێک و 200 هەزار دینار.
بەپێی ئامارەکان، 25 هەزار و 618 زیندانیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پشتڕاست کراونەتەوە. لەو ژمارەیەش 5,216 کەسیان ئێستا لە مووچە سوودمەند بوون. 17 هەزار دۆسیەی دیکە ئامادە کراون، بەڵام هێشتا وردبینییان بۆ نەکراوە.


