رووداو دجیتاڵ
دوو هاونیشتمانی لە زێی گەورە لە سنووری خەبات لە پارێزگای هەولێر خنکاون. بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، یەکێکیان 23 رۆژە و ئەوی دیکە 11 رۆژە خنکاوە و گەڕان بۆ تەرمەکانیان بەردەوامە.
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "یەکێک لەوانەی کەوتووەتە ئاوەوە ناوی ئازاد سیراج ئەوسییە، لەدایکبووی ساڵی 2006ـە؛ خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و دانیشتووی کەمپی گەویلان بووە لە ناحیەی کەڵەک".
یەکێکی دیکە لەوانەی گەڕان بۆ تەرمەکەی دەکرێ لە هەمان ناوچە، لە 13 حوزەیرانەوە خنکاوە. موقەدەم شاخەوان گوتی: "ناوی سەردار جەوهەر عەزیزە و لەدایکبووی ساڵی 1968ـە؛ دانیشتووی سەنتەری شاری هەولێرە".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتی: "هەردوو کەسەکە بەهۆی نەزانینی مەلەکردنەوە نەخنکاون، بەڵکو بە مەبەستی خۆکوشتن خۆیان هەڵداوەتە نێو ئاوەوە".
بەگوێرەی ئامارەی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەم ساڵ لە سنووری هەولێر و دەوربەری 13 کەس لە ئاودا خنکاون، تەرمی 11 یان دۆزراونەتەوە و گەڕان بۆ دوو تەرمەکەی دیکەش بەردەوامە.


