رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئەمڕۆ چارەنووسی منداڵێکی خەڵکی هەولێر کە لە سنورەکەیان بێسەروشوێن بووە نادیارە و فەرمانی گرتنیش بۆ باوکی منداڵەکە دەرچووە.
منداڵەکە دانیشتووی هەولێرە، 20ـی حوزەیران لەگەڵ کەسوکاری بۆ سەیران چوونەتە سەر رووباری چەمە لە سنووری ئاکرێ، سەرەتا دەنگۆی خنکانی بڵاو بووەوە، دواتر دایکی منداڵەکە بە تۆمەتی رفاندنی کوڕەکەی، سکاڵای لە دژی هاوژینەکەی خۆی تۆمار کردووە.
موقەدەم عیماد حوسێن، گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "خێزانەکە دانیشتووی هەولێرن، رووداوەکە لە سنووری ئاکرێ بووە بۆیە دۆسیەکەی لای ئێمەیە و لێكۆڵینەوەی تێدا دەکەین".
سەرەتای رووداوەکە بەو جۆرە بووە، دایکی منداڵەکە لەگەڵ ماڵی باوکی چوونەتە رووباری چەمە لە سنووری ئاکرێ، ئێوارە باوکی منداڵەکە لە هەولێرەوە چووەتە لایان و دواتر منداڵەکە دیار نەماوە.
گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ دەڵێت: "سەرەتا بەرگری شارستانی ئاکرێ شەش رۆژ بۆ تەرمی منداڵەکە گەڕان لە رووبارەکەدا کە گوترا خنکاوە، بەڵام هیچ چارەنووسی دیار نەبوو، تاوەکو دایکی منداڵەکە لە پۆلیس سکاڵای دژی هاوژینەکەی خۆی تۆمار کرد، کە گوایە ئەو بردوویەتی".
موقەدەم عیماد گوتیشی: "لەگەڵ ئەوەی دایکی منداڵەکە سکاڵای تۆمارکرد، باوکی منداڵەکە هەڵات و خۆی شاردەوە، چونکە ماڵیشیان لە هەولێرە و لەوێ خۆی حەشارداوە، تاوەکو ئەمڕۆ دەستگیر نەکراوە و خۆی رادەستی یاسا نەکردووە".
گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ باس لەوە دەکات، ئەوەی هەیە لەسەر باوکی منداڵەکە گومانی دایکێتی و هیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی لەبەردەستدا نییە. گوتیشی: "پۆلیس بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی باوکی نایەت بۆ وەرگرتنی گوتە لێی، دڵنیا نین لە چارەنووسی منداڵەکەش، کە ئایا لای ئەوە و سەلامەتە، یان نا".


