رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران، بڕیاردرا بە پێدانی زەوی بە بنەماڵەی شەهیدان، جینۆسایدکراوان و زیندانیانی سیاسی.
دووشەممە 6ی تەمموزی 2026 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، "بڕیارەکەی لە بەرژەوەندی زیندانییانی سیاسی و کەسوکاری شەهیدان و جینۆسایدکراوان داوە."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەت، "5 هەزار و 440 پارچە زەوی دەدرێتە بنەماڵەی شەهیدانی سەنگەر و جینۆساید کراوان. هەروەها 15 هەزار و 499 پارچە زەوی بۆ زیندانییانی سیاسی تەرخاندەکرێت."
ئەحمەد مام رەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانییانی سیاسی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "فەرمانەکەی سەرۆکوەزیران لەسەر داوای وەزارەتمان بووە، کە پێشتر داوای تەرخانکردنی زەویمان کردبوو، خۆشبەختانە ئێستا فەرمانەکەی دەرچووە."
ئەحمەد مام رەسووڵ گوتیشی، "لە 17ی ئاداری 2025، بە نووسراوی فەرمی پێشنیازی ئەو ژمارەیە زەویمان کردبوو کە ئێستا فەرمانی دابەشکردنی دراوە؛ ئەوانەشی زەوی وەردەگرن لە وەجبەی نۆ بۆ وەجبەی 15 دەیانگرێتەوە."
بە گوتەی ئەحمەد مام رەسووڵ، "وەجبەی یەک بۆ وەجبەی هەشت پێشتر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوون."
لەبارەی مەرجەکانیشەوە ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان گوتی: "تەنیا مەرج ئەوەیە، پێشتر کەسەکە وەکو زیندانی سیاسی یان بنەماڵەی شەهیدان زەوی وەرنەگرتبێت."
دابەشکردنی زەوی سەرەتا بۆ فەرمانبەران لە چوارچێوەی بڕیارێکی 27ی ئاداری 2024ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو، کە بڕیاری دا زەوی بدرێتە ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی سوودمەند نەبوون.


