رووداو دیجیتاڵ
بە فەرمانی دادگەی کەتنی هەولێر، بە تۆمەتی ''بێڕێزیکردن بە ئایین'' سەرۆکی رێکخراوی ئێمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی دەستگیر کرا. ئەو چالاکڤانە دەڵێت، ئێستا بە بارمتە تاوەکو رۆژی دادگاییکردن، ئازاد کراوە.
فەرمانی دەستگیرکردنی بەهار عەلی قادر، سەرۆکی (رێکخراوی ئێمە بۆ گەشەپیدانی مرۆیی) رۆژی دووشەممە 13-07-2026 لەلایەن لقی 3ـی دادگەی کەتنی هەولێر دەرچووە و گشتاندنی بۆ سەرجەم لایەنە ئەمنییەکان بۆ کراوە.
وەک لە فەرمانەکەدا هاتووە، بڕیاری دەستگیرکردنی بەهار عەلی، بەپێی مادەی 372ـی یاسای سزادانی عێراقی دەرچووە کە تایبەتە بە ''بێڕێزیکردن بە ئایین و هێما پیرۆزەکان''.
لە یەکێک لە خاڵەکانی مادەکەدا هاتووە، ''هەر کەسێک بە ئاشکرا سووکایەتی بە هێمایەک یان کەسایەتییەک بکات کە جێگەی پیرۆزی و رێزی شوێنکەوتووانی ئایینێک بێت، بە پێژاردن و زیندانیکردن سزا دەدرێت''. سەرۆکی ئەو رێکخراوەیە ئاماژەی بەوە کرد، دۆسیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە دوو ساڵ لەمەوپێش و لە بەرنامەیەکی تۆڕی میدیایی رووداوەوە دەستیپێکردووە.
بەگوتەی بەهار عەلی، ئەوکات لە ئەڵقەیەکی بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ) کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکرد، بەشدار بووە و باس لە یاسای باری کەسیی هەرێمی کوردستان کراوە کە بەراورد بە یاساکە لە عێراق، مەرجی زۆر قورسی بۆ فرەژنی داناوە، ''ئەوکات هەندێک لە پارێزەران سکاڵایان تۆمار کردبوو کە ئەم یاسایە دژی شەریعەت و دەستووری عێراقە، بەڵام من لە بەرنامەکەدا بەرگریم لە یاساکە کرد.''
وەک سەرۆکی رێکخراوی ئێمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی دەڵێت، لە بەرنامەکەدا فرەژنی رەتکردووتەوە و رایگەیاندووە، ''زۆر شتی دیکە لە دەقی قورئاندا هاتووە، بەڵام ئێستا کۆمەڵگەی پێشکەوتوو جێبەجێی ناکات، وەک پرسی بڕینی دەست کە ئێستا لە هیچ وڵاتێک جێبەجێ ناکرێ. بۆیە فرەژنیش لەگەڵ رەوایی و کەرامەتی ژنان لە کوردستان ناگونجێت. بەڵام لایەنی بەرامبەرم کە پارێزەرێک بوو، قسەکانی منی بە دژی ئایین لێکدایەوە.''
بەهار عەلی سەبارەت بە دەستگیرکردنیشی دەڵێت، رۆژی 12ـی مانگ دانیشتنی دادگە هەبووە، بەڵام نەیتوانیوە تێیدا ئامادە بێت، بۆیە هەمان رۆژ لەلایەن دادگەی کەتنی هەولێرەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، ''بەڵام ئێستا لە دادگە دەرچووم و بە بارمتە تاوەکو رۆژی دادگاییکردنم ئازاد کراوم.''
بڕیارە رۆژی 01-09-2026 دووەم دانیشتنی دادگە بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە بەڕێوەبچێت.


