رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان بریندار کرا. کەسێکی ئاگادار دەڵێ: "سەربازانی ئێران بە پاساوی سنووربەزاندن تەقەیان لێکردووە". بەرگریی شارستانی دەڵێ، ئاگادار نەکراونەتەوە بە هانای بریندارەکەوە بچن.
هاونیشتمانییەک کە ئاگاداری رووداوەکەیە، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کەسەی تەقەی لێکراوە مەڕدارە و رووداوەکە لە شوێنێک روویداوە بە کوێستانی خوارێ ناسراوە".
ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "ئەو پیاوەی بریندار کراوە گوایە مەڕەکەکانی بردووەتە نزیک سەربازگەکانی ئێران. ئەو شوێنەی رووداوەکە روویداوە ناوچەی مەنگوڕایەتییە و نزیک شارۆچکەی میراوایە لە دیوی ئێرانەوە".
ئەو کەسەی بریندار کراوە خەڵکی گوندی سپێرۆیە لە ناحیەی ژاراوە لە قەزای قەڵادزێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی.
ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "کوڕ و کەسوکارەکەی چوون بیهێننە خوارەوە و بیگەیێننە نەخۆشخانە، کە دەگوترێ گولـلە بەر قۆڵی کەوتووە، بەڵام دڵنیا نین کە تەندروستی چۆنە".
بەرگری شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین هەواڵەکە پشڕاست دەکاتەوە، بەڵام تیمی نەچووە بۆ هێنانەوە ئەو هاونیشتمانییە.
عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ کەسێک ئێمەی لە رووداوەکە ئاگادار نەکردووەتەوە، بۆیە زانیاریمان لەسەری نییە".
لە رووداوێکی هاوشێوەدا، 10ـی تەمموز هاونیشتمانییەک کە شوانی دەکرد، لە ناوچە کوێستانییەکانی دەڤەری برادۆست لە سنووری پارێزگای هەولێر، بە پاساوی تێپەڕاندنی سنوور، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە گولـلە کوژرا.



