رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا نرخی لیتری بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی بۆ 850 دینار کەم بکاتەوە؛ لە کاتێکدا لایەنە حکومییەکان هۆشداریی دەدەن کە سبەی بڕیارەکە دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە. بەڵام خاوەن بەنزینخانەکان دەڵێن، بەهۆی گرانیی نرخی کڕینەوە، زەرەرێکی گەورە دەکەن و داوا دەکەن حکومەت نرخی کۆمپانیاکان و پاڵاوگەکانەوە بۆ دابەزێنێت.
رۆژی دووشەممە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاریان داوە، نرخی فرۆشتنی بەنزینی کوالیتی (نۆرماڵ)ی بازرگانی لە بەنزینخانەکان نابێت لە 850 دینار بۆ هەر لیترێک زیاتر بێت، بە پێچەوانەوە بەنزینخانەکە دووچاری لێپێچینەوە دەبێت."
بەنزیخانەکانی هەولێر: پابەند دەبین، بەڵام زەرەرمانە
حاجی هۆگر، ئەندامی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر بە رووداوی گوت: "ئێمە دڵخۆشین بەو بڕیارەی حکومەت و پاڵپشتیشی دەکەین ئەگەر سەر بگرێت، بەڵام ئەمڕۆ بەنزینی نۆرماڵمان بە 1285 دینار کڕیوە، ناکرێت ئێمە بەو نرخە بکڕین و بە 850 دینار بیفرۆشینەوە، چونکە زەرەری زۆر دەکەین".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی بەنزینخانەی هەولێر باس لە چارەسەر دەکات و دەڵێت: "ئەگەر حکومەت رێککەوتنێک لەگەڵ کۆمپانیاکان بکات ئەوان بە هەرزان بیفرۆشن، ئەوکاتە دەکرێت ئێمەش بە 850 دینار بیفرۆشین؛ ئێمە پابەندی بڕیارەکە دەبین، بەڵام دەبێت چارەسەرێک هەبێت."
بەنزیخانەکانی سلێمانی: جارێ جێبەجێی ناکەین
بەهمەن قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەبێت ئێمە بزانین جێگرەوەی حکومەت بۆ ئەم بڕیارە چییە؛ چونکە ئەگەر بەنزینخانەکان هەر بە نرخی گران بیکڕن و بە 850 دینار بیفرۆشنەوە، ئەوە ئیدی بەنزینخانەکانیش بەنزین ناهێنن و ئەمەش هەر قەیرانێکی نوێ دروست دەکات و چارەسەر نییە، بەڵام ئەگەر بۆ نموونە بەنزین بە 820 دینار بدەنە ئێمە، ئێمەش ئەوکاتە بە 850 دینار دەیفرۆشین".
بەهمەن قادر دەشڵێت:" ئێمە جارێ جێبەجێی ناکەین و چاوەڕێی جێگرەوەین، بزانین جێگرەوەی حکومەت چی دەبێت؟".
هەروەها سەرچاوەیەک لە قایمقامیەتی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە پێویستە ئێمە بە فەرمی ئاگادار بکرێینەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی فەرمیمان پێنەگەیشتووە و چاوەڕێی نووسراو یان ئاگادارکردنەوەی فەرمی دەکەین."
خاوەن بەنزینخانەکانی دهۆک: دەیان ملیۆن زەرەر دەکەین
کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو بەنزینخانەکانمان ئاگادار کردووەتەوە، کە دەبێت پابەندی بڕیاری حکومەت بن و لە سبەی بەیانییەوە دەبێت جێبەجێ بکرێت، 160 بەنزینخانە لە دهۆک هەن؛ هەموویان ئاگادار کراونەتەوە و لیژنەکانمان لە دوای دەرچوونی بڕیارەکە دەستیان بە کاری خۆیان کردووە."
لە بەرامبەر بڕیارەکەدا، خاوەن بەنزینخانەکان باس لەوە دەکەن کە بەنزینی کۆگاکانیان بە نرخێکی زۆر گران کڕیوە. حەجی گوهدار قادر، خاوەنی بەنزینخانەی ئاکرێ سپۆرت بە رووداوی گوت: "من ئێستا 14 ملیۆن و 900 هەزار دینار زەرەر دەکەم، چونکە بەنزینمان بە نرخێکی بەرز کڕیوە، ئێستا بیدەینەوە زەرەرێکی زۆر دەکەین. بەڵام دەڵێن بڕیارەکە گشتگیرە و دەبێت جێبەجێ بکرێت و من جێبەجێی دەکەم".
حەجی گوهدار قادر گوتیشی: "داوامان کردووە کە دوای 72 کاژێری دیکە ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت، تاوەکو ئەو بەنزینەی بە نرخی گران کڕیومانە بیفرۆشین؛ ئینجا نرخی هەرزان بهێنن و بە 850 دینار بیفرۆشین."
ئەحمەد جەمال، نوێنەری بەنزینخانەی مەتین لە دهۆک هەمان کێشەی هەیە و دەڵێت: "ئێمە ناتوانین بەنزین بە 850 دینار بفرۆشین، چونکە لیترمان بە 1300 دینار کڕیوە. پێویستە نرخەکەمان بۆ بهێننە خوارەوە و حکومەت رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی لاناز و کار بکات کە بە هەرزانتر بیفرۆشنەوە ئێمە؛ ئەگەر نا بەو جۆرە ناکرێت ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت."
لایەنە حکومییەکان: لە سبەیەوە رێکارەکان دەستپێدەکەن
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ دوای بڕیارەکە رایگەیاند، فەرمانی دابەزاندنی نرخی بەنزین گشتێندراوە و لە رۆژی 21-07-2026ـەوە رێکارەکان بەرامبەر سەرپێچیکارانی بازاڕی سووتەمەنی لە تەواوی پارێزگای هەولێر دەستپێدەکەن.
ئومێد خۆشناو دەڵێت: "سەرجەم فەرمانگە حکومەیی و لایەنە ئەمنی و کارگێڕییەکانمان ئاگادار کردووەتەوە تاوەکو رێکارەکان بە باشترین شێوە جێبەجێ بکرێن."
لە دهۆکیش، ئامادەکارییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخەکە تەواو بوون. بریندار حەیدەر، قایمقامی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە سبەیەوە هەموو بەنزینخانەکان پابەند دەبن بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە. لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی پارێزگاکەوە جێبەجێ دەکرێت و ئێمەش چاودێرییان دەکەین".
بریندار حەیدەر گوتیشی: "هەر کەسێک سەرپێچی بکات و بەنزین لە 850 دینار گرانتر بفرۆشێت، رووبەڕووی رێکاری یاسایی تووند دەبێتەوە."
هاوکات نوخشە ناسح، پارێزگاری هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند، بڕیارەکە گشتگیرە و بۆ هەموو پارێزگاکان دەرچووە، هەر بۆیە "سبەی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەش دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە."
ئەم بڕیارەی حکومەت دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی سووتەمەنی گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی، بە جۆرێک نرخی لیتری بەنزینی سوپەر 1900 دیناری تێپەڕاند و لیتری نۆرماڵیش گەیشتە 1400 دینار، کە ئەمەش بارگرانییەکی زۆری بۆ هاووڵاتییان دروست کردبوو.
بۆچی نرخی بەنزین زیاد بوو؟ کێشەکە لە کوێیە؟
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، کە 16-7-2026، کراوە چەند هۆکارێکی سەرەکی لە پشت ئەم گرانبوونەوەن:
کەمیی نەوتی خاو: کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک ئاماژە بەوە دەکات کە نەوتی خاو بە ئەستەم دەگاتە پاڵاوگە بازرگانییەکان، ئەمەش بەرهەمهێنانی ناوخۆیی کەمی کردووە.
پچڕانی هاوردە: پێشتر بەنزین لە ئێران و دووبەیەوە دەهات، بەڵام ئێستا ئەو سەرچاوانە وەستاون یان زۆر کەم بوونەتەوە.
زیادبوونی خواست: بەدواداچوونی رووداو لە کۆمپانیای لاناز دەریخستووە کە وەرزی هاوین و گەشتوگوزار، خواستی لەسەر بەنزین 25% بۆ 30% زیاد کردووە.
رۆڵی بەغدا: حکومەتی عێراق بڕی پێویستی نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان نانێرێت، ئەمەش وایکردووە بەرهەمی نۆرماڵ کەم بێتەوە.




