رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی بانگدان و رێکخستنەوەی مزگەوتەکان، هەڵسەنگاندن بۆ بانگبێژان دەکات. بەپێی پلانەکە، ژمارەی بانگبێژان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکرێتەوە و تەنیا ئەوانە دەمێننەوە کە دەنگێکی خۆش و شارەزاییەکی زانستییان لە مەقامەکاندا هەیە.
مەلا رەعد ئۆمەربلی، سەرپەرشتیاری بانگبێژانی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زیاتر لە دوو ساڵە کار لەسەر بە سیستمکردنی بانگدان لە سەرجەم مزگەوتەکان دەکەین. سەرەتا لە هەولێر دەستمان پێکرد؛ لەوێ 350 بانگبێژ هەڵبژێردرابوون، بەڵام دوای هەڵسەنگاندنی ورد بۆ شارەزایی و جوانیی دەنگیان، ژمارەکەمان بۆ 36 بانگبێژ کەمکردەوە."
بەپێی قسەکانی سەرپەرشتیاری بانگبێژان، دوای هەولێر ئێستا هەمان سیستم لە پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک، زاخۆ و ئیدارەی راپەڕینیش جێبەجێ دەکرێت بۆ ئەوەی بانگدان بە شێوەیەکی یەکگرتوو بێت، هەرچەندە پرۆسەکە هێشتا لە هەموو مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی کۆتایی نەهاتووە.
سەبارەت بە مەرجەکانی هەڵبژاردنی بانگبێژەکان، مەلا رەعد ئۆمەربلی گوتی: "بانگبێژان دەبێت شارەزایی تەواویان لە 5 جۆری مەقام هەبێت. بۆ ئەم مەبەستە خولی فێرکاری لە هەموو پارێزگاکان کراوە و بەردەوامیش دەبن. پلانیشمان هەیە بانگبێژە هەڵبژێردراوەکان بنێرینە دەرەوەی وڵات و مامۆستایانی وڵاتانی دیکەش بانگهێشتی کوردستان بکەین بۆ گوتنی خولی پێشکەوتوو."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 6,000 مزگەوت و 165 بانگبێژی فەرمی هەن. بەڵام دوای تەواوبوونی پرۆسەی هەڵسەنگاندنی لێژنە تایبەتەکان، بڕیار وایە بۆ هەر پارێزگایەک تەنیا 18 تاوەکو 20 بانگبێژی شارەزا و خاوەن دەنگێکی خۆش بهێڵدرێنەوە.



