رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە گۆڕانکاریی لە ماوەی کارایی ڤیزەی عومرەدا کرد و ماوەکەی بۆ 365 رۆژ درێژکردەوە. گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانیش رایدەگەیێنێت، بڕیارەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ڤیزەکە بە شێوازی "فرەگەشت" کار دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی تەممووزی 2026، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی بڕیارە نوێیەکە، ماوەی کارایی ڤیزەی عومرە بۆ 1 ساڵی تەواو درێژکراوەتەوە. بۆ نموونە ئەو ڤیزەیەی لە 19ـی تەممووزی ئەمساڵ دەردەچێت، تاوەکو 19ـی تەممووزی ساڵی داهاتوو کارا دەبێت."
بە گوتەی کاروان ستوونی، ئەم ڤیزەیە بە شێوازی "فرەگەشت" کار دەکات، واتە عومرەکار دەتوانێت بە یەک ڤیزە لە ماوەی ئەو ساڵەدا چەندین جار سەردانی سعودیە بکاتەوە، بەڵام لە گەشتێکدا نابێت لە 90 رۆژ زیاتر بمێنێتەوە. ئەگەر کەسێک بیەوێت زیاتر لەو ماوەیە بمێنێتەوە، دەبێت بگەڕێتەوە و دووبارە داوای ڤیزە بکاتەوە.
خاوەنی ڤیزەکە مافی هەیە سەردانی سەرجەم شارەکانی سعودیە بکات، بەڵام گوتەبێژی حەج و عومرە هۆشداریدا کە "ئەم ڤیزەیە لە وەرزی حەجدا بەکارنایەت و دەبێت عومرەکاران پێش دەستپێکردنی کاتی حەج، خاکی سعودیە جێبهێڵن."
سەبارەت بە نرخی ڤیزەی عومرە، کاروان ستوونی دەڵێت، بەپێی جۆری گەشتەکە دەبێت، گەشتی وشکانی لە کۆمپانیا فەرمییەکان 130 دۆلار و لە کۆمپانیاکانی دیکە 135 دۆلارە، گەشتی ئاسمانیش لە نێوان 145 بۆ 150 دۆلاردایە.
کاروان ستوونی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کەسانەی بۆ جاری دووەم بە هەمان ڤیزە گەشت دەکەنەوە، تەنیا جاری یەکەم پارەی ڤیزا دەدەن، بەڵام دەبێت پێشوەختە لە رێگەی کۆمپانیایەکی باوەڕپێکراو یان ئەپڵیکەیشنی (نسوک)ـەوە هۆتێل و شوێنی مانەوەیان حجز کردبێت، چونکە بەبێ دیاریکردنی شوێنی مانەوە، رێگە بە گەشتەکەیان نادرێت.
ئامادەکردنی هەواڵ: محەممەد خالیس



