رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی گاز لە قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێ، لە رێگەی کۆبۆنی خۆراکەوە رۆژانە نزیکەی 7 هەزار بوتڵ گاز دابەش دەکەن، کە "ئەوەش پێداویستیی هاونیشتمانییان پڕدەکاتەوە."
ئەمڕۆ دووشەممە 20ی تەممووزی 2026 عومەر عەبدوڵڵا، سەرۆکی لیژنەی گاز لە قایمقامیەتی سلێمانی بە رووداوی گوت، "دوو رۆژە دابەشکردنی گاز لە سلێمانی کراوەتە کۆبۆن. ئێستا گازی پێویست هەیە بەسەر ماڵاندا دابەش بکرێ. ئەو خێزانانەش کۆبۆنی خۆراکیان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە و نیشتەجێی سلێمانین دەتوانن گاز وەربگرن. ئەو کەسانەش تازە ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە، لە قایمقامیەتی سلێمانی پشتگیرییان بۆ دەکەین و لەو رێگەیەوە دەتوانن گاز وەربگرن."
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی گاز لە قایمقامیەتی سلێمانی، رۆژانە شەش بۆ 7 هەزار بوتڵ گاز دابەش دەکرێت و ئەوەش خواستی خەڵک پڕدەکاتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، گازی پێویست بۆ نانەواخانە و چێشتخانەکان دابین دەکرێ.
لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی گاز لە بەنزینخانەکان، عومەر عەبدوڵڵا دەڵێت، "لە چەند رۆژی رابردوودا 23 پسووڵەی سەرپێچیمان بۆ بەنزینخانەکان کرد لەسەر شاردنەوەی گازی ماڵان و زیادکردنی نرخ، ئێستا پسووڵەکان ئاراستەی قایمقامی سلێمانی کراون و ئەو بڕیار لەبارەی شێوازی سزادانیان دەکات، بەڵام هیچ سەرپێچییەکی بریکارەکانی دابەشکردنی گاز تۆمارنەکراوە."
بە گوتەی عومەر عەبدوڵڵا، خواست لەسەر گاز کەمیکردووە و دەڵێ، "لە دوو رۆژی سەرەتادا خەڵکێکی زۆر دەستیان کرد بە کڕینی گاز لە بەنزینخانەکان، بەڵام ئەمڕۆ سەردانی شەش کارگەی دابەشکردنی گازمان کردووە و خەڵک بۆ پڕکردنەوەی بوتڵ لە کارگەکان زۆر کەم بینراون و خواست لەسەر گاز کەمیکردووە، چونکە لە هاویندا بەکارهێنانی گاز کەمترە لە زستان."
رۆژی 16ی تەممووزی 2026 کۆمپانیای دانە گاز رایگەیاند، بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە بەرهەمهێنانیان لە کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی راگرتووە، کە سەرچاوەی سەرەکیی گازی شل و سووتەمنییە بۆ وێستگەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان.



