رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی مامۆستایانی گرێبەست راگەیاند، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە وەزارەتی دارایی کردووە، زانیاریی تەواوی گرێبەستانی کوردستان ئامادە بکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دکتۆر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە نووسراوێکی فەرمی لە 10ـی 6ـی 2026، داوای لە وەزارەتی دارایی و ئابووری کردووە، داتا و زانیاریی تەواوی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرە گرێبەستانەی کە تاوەکو ئێستا مووچەیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە، ئامادە بکەن".
لەبارەی ئامانجی ئەو نووسراوە، کارۆخ عەبدوڵڵا گوتی: "ئەم رێکارە بۆ ئەوەیە ناوی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە لە سیستمی بایۆمەتری تۆمار بکرێت، تاوەکو لە کاتی ئامادەکردنی بودجەی ساڵی 2027ـی عێراقدا، داوا لە حکومەتی فیدراڵ بکرێت بۆ ئەوەی بەشێوەی هەمیشەیی دابمەزرێن و شایستە داراییەکانیان لە بودجەی گشتیی عێراقدا جێگیر بکرێت."
نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست دەڵێت، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان چەند مانگێکە خەریکی کۆکردنەوەی داتا و زانیاریی پێویستی گرێبەستەکانە. گوتیشی: "بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندیمان بە وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق کردووە، بۆ ئەوەی دیدار و چاوپێکەوتن بکەین بە مەبەستی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان."
21-7-2026، پێنج نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست بەرەو بەغدا بەرێکەوتن. دوای سەردانەکە تۆلاس محەممەد، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەستی خوێندنی باڵا کە یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە بوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئامانجی سەرەکیمان بەدەستهێنانی مافە رەواکانمانە، کە ئەویش بە هەمیشەییکردنی گرێبەستەکانە، لەلایەن فراکسیۆنی پارتییەوە میوانداری کراین و لەوێ لەگەڵ د. شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی؛ فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق؛ فراکسیۆنەکانی یەکێتی، نەوەی نوێ و یەکگرتووش کۆبووینەوە."
تۆلاس محەممەد گوتی: "پاڵپشتیی هەموویانمان وەرگرت تاوەکو لە بودجەی نوێی ساڵی 2027ـی عێراق، مووچەی مامۆستایانی گرێبەستیش هەژمار بکرێت و مانگانە هاوشێوەی مووچەخۆرانی دیکە لەلایەن بەغداوە مووچەمان رەوانە بکرێت."
لە هەرێمی کوردستاندا 86 هەزار و 791 فەرمانبەری گرێبەست هەن، کە نزیکەی 38 هەزار کەسیان مامۆستان و مووچەیان لەسەر داهاتی نێوخۆیە.


