رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە مانگێکە گەنجێکی کەلار لە ئیدارەی گەرمیان لە رووباری سیروان خنکاوە و تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە، خاڵێکی دەڵێت، لەسەر خەوبینی دوو کەس بە دۆزینەوەی تەرمەکە، گەڕانیان دەستپێکردووەتەوە. هەروەها دوو کەسی دیکە لە هەولێر خنکاون و تائێستا تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە.
ئەحمەد لوقمان، گەنجێکی دانیشتووی کەلار بوو، وەستای کەباب بووە لە بەغدا، 17ـی حوزەیران کاتێک بۆ پشوو گەڕاوەتەوە، لەگەڵ ئامۆزایەکی بۆ راوە ماسی چووەتە رووباری سیروان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و خنکاوە، لەو رۆژەوە گەڕان بۆ تەرمەکەی بەردەوامە.
حوسێن ئیبراهیم، خاڵی گەنجەکەیە و ئەمڕۆ 23ـی تەمموزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "منداڵێکی ناوچەکەمان و کەسێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان خەونیان بینیبوو کە تەرمی ئەحمەد لە نزیک گوندی کۆڵەجۆ دۆزراوەتەوە، ئێمەش ئەمڕۆ نزیکەی 50 کەس دوای خەونەکە گەڕانمان دەستپێکردەوە بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە".
خاڵی ئەحمەد دەڵێت: "ئەمڕۆ کوڵەجۆ و دەوروبەری گەڕاین تەرمەکەمان نەدۆزیەوە. ئێستا لە ئاوەکانی نزیک گوندی شێخ باوەین لە سنووری گوڵاڵە".
ئیبراهیم محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی گەرمیان بە رووداوی گوت، لە سنووری کەلارەوە تاوەکو دواخاڵی سنووریی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق بە رووباری سیرواندا بۆ تەرمی ئەحمەد گەڕاون و نەیاندۆزیوەتەوە.
جگە لەو گەنجە دوو کەسی دیکەش لە سنووری پارێزگای هەولێر لە ئاودا خنکاون و تاوەکو ئێستا تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە.
ئازاد سیراج ئەوسی، لەدایکبووی ساڵی 2006 و خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و دانیشتووی کەمپی گەویلان لە سنووری ناحیەی کەڵەک، لە 25ـی حوزەیران کەوتووەتە زێی گەورە و خنکا، تاوەکو ئەمڕۆ تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە. هەروەها لە 13 حوزەیرانەوە کەسێکی دیکە بە ناوی سەردار جەوهەر عەزیز و لەدایکبووی ساڵی 1968 و دانیشتووی سەنتەری شاری هەولێر کەوتە هەمان ئاوە و تاوەکو ئەمڕۆ تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.


