رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە داوا لەو کەسانە دەکات ناویان دەرچووە ساڵی داهاتوو بچنە حەج، سەردانیان بکەن و مامەڵەکانیان تەواو بکەن. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، هەرکەس نایەوێت بچێت دەتوانێت کەسێکی ماڵباتەکەی بخاتە جێگەی خۆی، نەوەکو فرۆشتنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 08-10-2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "سەرجەم ئەو کەسانە ئاگادار دەکەینەوە کە ناویان بۆ حەجی ساڵی 2027 دەرچووە، سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومرە بکەن لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە مەبەستی تەواوکردنی مامەڵەکانیان، چونکە تاوەکو 15ی ئەم مانگە مامەڵەکان تەواو نەکەن خۆیان بەرپرسیار دەبن".
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەمانەوێت بزانین چەند کەس دێت و دەیەوێت بچێتە حەج و چەند کەس نایەت، چونکە هەرکەس نەیەوێت بچێت و ئامادە نەبێت کەسێکی یەدەک وەکو جێگرەوە دەخرێتە شوێنی".
گوتەبێژی حەج و عومرە گوتیشی: "هەرکەس سازش (تەنازول) لە پشکی خۆی بکات دەتوانێت کەسوکارێکی دیکە لە ماڵباتەکەی بخاتە شوێنی بۆ چوونە حەج، وەکو دایک، باوک، خوشک، برا، خاڵ و زاوا، بەڵام لە دەرەوەی ماڵباتەکەی بێت رێگەی پێ نادرێت، چونکە دەچێتە چوارچێوەی فرۆشتنی شوێنەکەی و قبووڵ ناکرێت".
لە راگەیێندراوەکەدا داوا لەو کەسانە کراوە کە ناویان دەرچووە ئەم پێداویستییانە ببەن:
- شەش ملیۆن دینار
- وێنەی کارتی نیشتمانی و پاسپۆرت
- وێنەی ژمارەی دیجیتاڵیی بایۆمەتری
کاروان ستوونی گوتی: "هەرکەس ناوی دەرچووە دەبێت خۆی بچێت مامەڵەکە بکات و تێچووی حەجیش هێشتا دیاری نەکراوە، بەڵام ئەو پارەیەی وەردەگیرێت وەکو گوژمەی یەکەم دەبێت".
بۆ حەجی ساڵی 2026، لە 7ی ئایار یەکەم گەشتی حاجییان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ رێوڕەسمەکانی حەج دەستی پێکرد و دوایین گەشت 17ی ئایار بوو.

