رووداو دیجیتاڵ
سایلۆی سلێمانی ئاگاداری ئاراستەی ئەو جووتیارانە دەکات کە لە ساڵی 2025 گەنمیان رادەست کردووە و تاوەکو ئێستا چەکی شایستە داراییەکانیان وەرنەگرتووە. بەڕێوەبەری سایلۆکە دەڵێت: "بڕی ئەو پارەیەی ماوەتەوە زیاتر لە 200 ملیۆن دینارە."
ئەمڕۆ دووشەممە 2-11-2026 نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "داوا لەو جووتیارانە دەکەین بۆ وەرزی ساڵی 2025 گەنمیان رادەستی سایلۆی سلێمانی کردووە و تاوەکو ئێستا بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان سەردانیان نەکردووین، بە زووترین کات چەکی پارەکانیان وەربگرن."
رۆژی 6ی ئەیلوولی 2026 بڕی 21 ملیار و 908 ملیۆن دینار وەک بەشێک لە پارەی گەنمی جووتیارانی پارێزگای سلێمانی بۆ ساڵی 2025 خەرج کرا.
بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی هۆشداری دەداتە ئەو جووتیارانە و دەڵێت: "بۆ دوایینجار ئاگاداریان دەکەینەوە بە زووترین کات سەردانمان بکەن بۆ وەرگرتنی چەکی شایستە داراییەکانیان. بەپێچەوانەوە خۆیان بەرپرس دەبن لە هەر کێشەیەک."
بە گوتەی نەسرین ئەحمەد، ئەو شایستە داراییانەی تاوەکو ئێستا خاوەنەکانیان نەچوون بۆ وەرگرتنی، بەشێوەی چەکی بانکییە و کۆی گشتیی پارەکەش دەگاتە زیاتر لە 200 ملیۆن دینار، بۆیە پێویستە جووتیاران بە زووترین کات سەردانیان بکەن و رێکارەکان بۆ وەرگرتنی ئەو چەکانە جێبەجێ بکەن.
کۆی شایستە داراییەکانی جووتیارانی سنوورەکە بۆ ساڵی 2025 زیاتر لە 120 ملیار دینار بوو، کە تاوەکو ئێستا 33 ملیار دیناری لێ ماوەتەوە و خەرج نەکراوە؛ هاوکات تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەک بۆ ساڵی 2026 خەرج نەکراوە.




.webp&w=3840&q=75)