رووداو دیجیتاڵ
دادگەی لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، سکاڵایەکی دژی سەرۆکی حیزبی سۆسیال دیموکرات جووڵاندووە و داوای دەستگیرکردنی دەکات. گوتەبێژی حیزبەکە دەڵێ، سکاڵاکە بەهۆی بارەگایەکی حیزبەکەیانە کە لە دوای دەسەڵاتی بەعسەوە تێیدان و چۆڵی ناکەن.
نووسراوەکەی دادگە بە ناونیشانی "فەرمانی دەستگیرکردن" ئاراستەی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان کراوە و تێیدا هاتووە: "رێگەتان پێدراوە کە تۆمەتبار محەممەد مەحموود محەممەد ناسراو بە محەممەدی حاجی مەحموود بگرن و بیدەن بە دادگەکەمان".
لە نووسراوەکەی دادگەدا ئاماژە بەوە کراوە، محەممەد حاجی مەحموود "لە بنکەی پۆلیسی تەکیە سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە و لە رۆژی دادگەییکردنیدا ئامادە نەبووە بەپێی مادەی 11 لە یاسای ژمارە سێی ساڵی 2018".
لە نووسراوەکەی دادگەدا ئاماژە بە شوێنی نیشتەجێبوونی محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان کراوە کە گوندی گوڵەخانەیە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و بە تۆمەتی "زێدەڕۆیی لەسەر موڵک و زەوی و زار" سکاڵاکەی دژ تۆمار کراوە.
د. فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 02-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سکاڵاکە لەسەر بارەگایەکی حیزبەکەمانە کە لە دوای رووخانی بەعسەوە لە ساڵی 1991ـەوە تێیداین و داوای دەکەن رادەستی بکەینەوە بۆ ئەوەی بدرێتە وەبەرهێنەرێک و بکرێتە شوێنێکی بازرگانی".
ئەو بارەگایەی سۆسیال دیموکرات کە داوای رادەستکردنەوەی کراوە لە ناحیەی تەکیەیە لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی.
د. فەرهاد تۆفیق گوتی: "بارەگاکە لە رژێمی سەدام حوسێن وەرگیراوەتەوە. کێ خۆی بە میراتگیری ئەو دەزانێت با داوای بکات".
لەبارەی رادەستکردنەوەی بارەگاکەیان گوتەبێژی حیزبی سۆسیال دیموکرات گوتی: "لە ساڵی 1991ـەوە هەزاران خانوو کە هەر کەس یان حیزبیان تێیدا ببوو دوای بەعس دەستیان بەسەردا گیرا بەناوی ئەو کەسانەوە تاپۆ کران کە تێیدان جگە لە بارەگاکانی ئێمە، هەرکاتێک ئەوانە رادەستیان کردەوە ئێمەش رادەستی دەکەینەوە".
مادە 11ی لە یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2018
ئەو مادەیەی سەرۆکی سۆسیال دیموکراتی کوردستانی پێی تۆمەتبار کراوە، مادەی 11یە لە یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2018 و ئێستا کاری پێدەکرێت و لەنێوەڕۆکەکەیدا هاتووە:
هەرکەسێک زهوتكردن و بهكارهێنان و دهست بهسهرداگرتنی بیناكانی دهوڵهت" ی بەسەردا ساخبکرێتەوە، ئەوە بە بەندکردن بۆ ماوەیەک لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و بە پێبژاردنێک لە سێ ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 15 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت سزا دەدرێت، لابردنی زیادەڕۆییەکەش لەسەر خەرجیی زیادەڕۆکار دەبێت.



.webp&w=3840&q=75)