رووداو دیجیتاڵ
وەرزی بارانبارین دەستیپێکردەوە و قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت، ئامادەکاریی تەواویان کردووە بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەی لافاو ئەگەر لە پار زیاتریش باران ببارێت.
پار بەهۆی رێژەی زۆری بارانبارین لە قەزای چەمچەماڵ لافاوێکی گەورە دروستبوو و زیانی زۆری گیانی و ماددی بەر هاووڵاتییان کەوت.
ئاسۆ بەکر، قایمقامی چەمچەماڵ بە رووداوی راگەیاند، تەواوی مەنهۆڵ و ئەو رێڕەوانەی ئەگەری دروستکردنی لافاویان هەیە، پاکیان کردوونەتەوە، "زێدەڕۆییەکانمان لابردوون بە شێوازێک کە رێگربێت لە روودانی هەر جۆرە لافاوێک."
لە کاتی لافاوەکەی پار، رووداو بە هاوکاریی خەڵکی کوردستان و لە رێگەی بەرنامەی لەگەڵ رەنجەوە، کەمپەینێکی گەورەی بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی چەمچەماڵ راگەیاند و زیاتر لە 7 ملیار دینار کۆکرایەوە.
کەمپەینەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ سەرپەرشتی دەکرا و کۆی ئەو پارەیەی لە تەواوی کەمپەینەکان بۆ چەمچەماڵ کۆکرایەوە زیاتر لە 14 ملیار دینار بوو.
ئاسۆ بەکر دەڵێت، لەو پارەیەی کە ماوەتەوە، کۆمیسیۆنەکە بڕیاریداوە پێنج پڕۆژە بۆ رێگری لە لافاو ئەنجام بدەن، پڕۆژەکانیش چەمچەماڵ و ناحیەی تەکیە دەگرنەوە.
پڕۆژەی یەکەم: دروستکردنی پۆندێک لە سەرووی چەمچەماڵ بۆ گلدانەوەی ئاو بە بڕی زیاتر کە دوو ملیار دینار کە توانای گلدانەوەی 350 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە، بۆ ئەوەی بە هیچ شێوەیەک ئەو ئاوەی لە بانی مەقانەوە دەچێتە خوارەوە، نەچێتە نێو چەمچەماڵ و بۆ پڕۆژەکانی گەشتوگوزار، ئاوی ژێرزەوی و سامانی ماسی سوودی لێ ببیندرێت.
پڕۆژەی دووەم: رێڕەوی لافاوی تەکیەیە و زیاتر لە دوو ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە. لە شاخەکەوە دوو رێڕەوی لافاو دروستدەکرێت بۆ ئەوەی بەهیچ شێوەیەک مەترسی لافاو بۆ ناو شارۆچکەی تەکیە نەمێنێت.
پڕۆژەی سێیەم: زێرابێکە لە سەرووی قایماقیەتی چەمچەماڵەوە درێژدەبێتەوە بۆ ناو گەڕەکەکانی چەمچەماڵ بۆ کردنەدەرەوەی ئەو ئاوەی کۆدەبێتەوە لەنێو چەمچەماڵ، لەنێو ئەم زێرابە سندووقیە کۆببێتەوە، دوو ملیار و نیو دیناری بۆ تەرخانکراوە.
پڕۆژەی چوارەم: فراوانکردنی پردەکەی ئاخجەلەر و دیواری راگری ئاخجەلەر کە نزیکەی 600 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە.
پڕۆژەی پێنجەم: دروستکردنی دیوارێکی راگرە لە گەڕەکی مۆفەرییەکان لە شۆڕش و دروستکردنی پێنج بۆ شەش پرد لەنێو شۆڕش بۆ ئاسانکاری هاتووچۆی هاووڵاتییان کە بڕی نزیکەی 84 ملیۆنی بۆ تەرخانکراوە.
بەپێی ئەو کاتەی کۆمیسیۆنەکە دیاری کردووە و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان چاودێری دەکات، دەبێت لە ماوەی کەمتر لە ساڵێک هەر پێنج پڕۆژەکە تەواو بکرێن.
قەزای چەمچەماڵ دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای پارێزگای سلێمانی، سرووشتی ناوچەکە دەکەوێتە نێوان کۆمەڵێک گرد و دۆڵ و دەشت. قەزاکە چەند ناحیەیەک لەخۆدەگرێت:
ناوەندی چەمچەماڵ
ناحیەی شۆڕش
تەکیەی کاکەمەند
تەکیەی جەباری
ئاخجەلەر
ناحیەی سەنگاو
قادرکەرەم



