رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لە مێژووی قەزای چۆمان و دەڤەری باڵەکایەتی، سەنتەرێکی حکومیی تایبەت بە خزمەتکردن و راهێنانی منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم دەکرێتەوە و قایمقامی قەزاکەش دەڵێت، سەرجەم پێداویستییەکان تەواو بوون و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەکەوێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە.
ئەحمەد بارزان علیکۆ، قایمقامی قەزای چۆمان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ی تشرینی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ یەکەمجارە سەنتەرێکی لەم شێوەیە لە قەزای چۆمان دەکرێتەوە؛ مۆڵەت و رێکارە فەرمییەکانی وەرگیراون و گشت پێداویستییەکانی نێو سەنتەرەکە تەواو بوون."
سەبارەت بە شێوازی کارکردنی سەنتەرەکەش، قایمقامی چۆمان روونیکردەوە کە ئێستا وەک هەنگاوی یەکەم، ئەو خێزانانەی منداڵی ئۆتیزمیان هەیە، ناوەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی تۆمار دەکەن؛ گوتیشی: "لە 10 رۆژی داهاتوودا لیژنەیەک لە پزیشکانی پسپۆر دادەنیشن بۆ دیاریکردنی رێژەی ئۆتیزم لە منداڵەکاندا، پاشان مامۆستای پسپۆر دادەنرێت و سەنتەرەکە بە فەرمی دەست بە کارەکانی دەکات."
بەپێی دوایین داتای بەردەست کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2022، زیاتر لە 30 منداڵی تووشبوو بە ئۆتیزم لە سنووری قەزای چۆمان هەبوون، بەڵام قایمقامی قەزاکە پێشبینی دەکات کردنەوەی ئەم سەنتەرە داتایەکی نوێ و ورد لەسەر ژمارەی راستەقینەی تووشبووان لە ناوچەکە بخاتەڕوو.
ئەم سەنتەرە حکومییە لەناو بنکەی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی چۆمان دەکرێتەوە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی تێیدا بە سەد لە سەد بێبەرامبەر دەبێت، ئەمەش بارگرانییەکی گەورە لەسەر شانی خێزانەکان لادات کە پێشتر ناچاربوون بۆ چارەسەری منداڵەکانیان سەردانی سەنتەرەکانی شاری هەولێر بکەن.
قەزای چۆمان دەکەوێتە رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر لە ناوچەی باڵەکایەتی و سەر سنووری ئیدارەی ئێران؛ ژمارەی دانیشتووانی قەزاکە بەپێی ئاماری ساڵی 2024 نزیکەی 28 هەزار و 150 کەسە و لە چوار ناحیە (گەڵاڵە، حاجی ئۆمەران، سمیلان و قەسرێ) پێکهاتووە.


