رووداو دیجیتاڵ نرخی گاز لە هەرێمی کوردستان دابەزی. لە هەولێر بوتێڵێک گاز لە 21 هەزارەوە دابەزی بۆ 18 هەزار دینار. لە پارێزگای سلێمانیش بە 12 هەزار دینارە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی تشرینی دووەمی 2026، خدر جەلال، بریکاری دابەشکردنی گاز لە هەولێر بە رووداوی گوت، "شەوی رابردوو نرخی یەک بوتڵ گازی ماڵان گەیشتبووە 20 هەزار دینار، بەڵام ئەمڕۆ نرخەکەی دابەزیوە بۆ 17 هەزار دینار ." ئەو بریکاری گازە گوتی، " یەک لیتر گازی بازرگانی لە بەنزینخاکان بە 650 دینارە، ئەگەر هاونیشتمانییان هەمان بڕی ئەو گازە بکڕن کە مانگانە وەریدەگرن کە 24 لیترە، نرخی بوتێڵێک گاز 18 هەزار دینار دەوەستێت." سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخەکەی لە دوو رۆژی رابردوودا، خدر جەلال، گوتی، "دوای هێرشەکەی سەر کۆرۆمۆر نرخی گاز بەرزبووە، بەڵام بوونی گازی پێویست لە کۆگەکاندا وای کرد ئەمڕۆ نرخەکەی دابەزێت." شەوی یەکشەممە 08-11-2026، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکەدا راگیرا، ئەمەیش وایکرد نرخی گاز لە هەرێمی کوردستان بەرزببێتەوە. هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەمال ساڵح، خاوەنی (بەنزینخانەی قەساب) لە هەولێر بە رووداوی گوت: "لە شەوی رابردوەوە نرخی لیترێک گاز 100 دینار دابەزیوە و گەیشتووتە 650 دینار، لە کاتێکدا شەوی رابردوو بە 750 دینار دەفرۆشرا." خاوەنی ئەو بەنزینخانەیە گوتی، "ئەگەر دوێنی هاونیشتمانییەک بوتڵێک گازی لە بەنزینخانەکان پڕکردایە نرخەکەی 21 هەزار دینار بوو، بەڵام ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخەکەی بۆ 18 هەزار دینار دابەزیوە." سەبارەت بە هۆکاری ئەم دابەزینە، خاوەنی ئەو بەنزینخانە روونی کردەوە، "هاونیشتمانیان تێگەیشتن مانگانە گازی پێویست وەردەگرن و پێویست ناکات لە بەنزینخانەکان بە نرخی گران بیکڕن، ئەمەش وای کرد نرخەکەی 100 دینار دابەزێت." هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، عومەر عەبدوڵڵا، بەرپرسی دابەشکردنی گاز لە سلێمانی، بە رووداوی گوت، "نرخی گاز جێگیرە و لە سەرجەم بەنزینخانەکان بە 500 دینار دەفرۆشرێت و یەک بوتڵ گازی بەنزینخانەکان بە 12 هەزار دینارە." سەبارەت بە گازی پاڵپشتیکراو کە هاونیشتمانییان وەریدەگرن، عومەر عەبدوڵڵا گوتی، "هیچ قەیرانێک نییە و مانگانە هەموو خێزانێک دەتوانێت دوو بتڵ گاز وەربگرێت کە یەکی بە نۆ هەزار دینارە." لە ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیانیش نرخی گاز جێگیرە و یەک لیتر بە 500 دینار دەفرۆشرێت، لە کاتێکدا لە ئاداری ئەم ساڵ نرخی لیترێک گاز لە هەرێمی کوردستان گەیشتە 1400 بۆ 1600 دینار.