رووداو دیجیتاڵ
ئەم هەفتەیە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2026) بە بەشداریی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و عێراق لە شاری دهۆک بەڕێوەدەچێت و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
رۆژی یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2026، ئاری زاویتەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی زانکۆی ئەمریکیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم هەفتەیە کۆڕبەندی مێپس 2026 بە بەشداریی سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوەدەچێت."
بەرپرسی پەیوەندییەکانی زانکۆی ئەمریکیی دهۆک گوتی: "رۆژی سێشەممە، 1-12-2026، یەکەم رۆژی کۆڕبەندەکە دەبێت، بەڵام ئەو رۆژە زیاتر وۆرکشۆپ دەبێت. رۆژانی 2 و 3ی مانگ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، بەرپرسانی وڵاتانی دیکە و کەسایەتییە سیاسییەکان لە کۆڕبەندەکەدا ئامادە دەبن و پانێڵ و گوتاریان هەیە."
بە گوێرەی ماڵپەڕی کۆڕبەندەکەش، هەریەکە لە سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆڕبەندەکەدا بەشدار دەبن.
ئەوەی کە پەیوەندی بە بەرپرسانی عێراقەوە هەیە، بە گوێرەی ماڵپەڕی کۆڕبەندەکە هەریەکە لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بەشدار دەبن.
کۆڕبەندی مێپس لە زانکۆی ئەمریکی لە کوردستان لە شاری دهۆک بەڕێوەدەچێت و یەکەمین جاریش لە ساڵی 2019 رێکخرا، کە تێیدا بەرپرسان، توێژەران و کەسایەتییە سیاسی و ئەکادیمییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، عێراق، ناوچەکە و جیهان بۆ تاوتوێکردنی پرسەکانی ئاشتی، ئاسایش و سیاسەت کۆدەبنەوە.
حەوتەمین خولی کۆڕبەندەکە لە ژێر ناونیشانی "دوای جەنگ، پێش سەقامگیری؛ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تەواونەکراو" سازدەکرێ و تێیدا بەرپرسان، شارەزایان و کەسانی ئەکادیمی گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێکی هەنووکەیی ناوچەیی و هەرێمی دەکەن.




