رووداو دیجیتاڵ
دوای کۆبوونەوەی هاوبەشی لیژنەی پارێزگا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبا و ئەنجوومەنی باڵای مۆلیدە ئەهلییەکان، نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە بۆ مانگی 11ـی 2026 لە هەولێر دیاریکرا و خشتەی کارکردنی مۆلیدەکانیش بۆ مانگی 12 خرایەڕوو.
رۆژی یەکشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای مۆلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ کۆبوونەوەی مانگانە لەلایەن لیژنەی پارێزگا، لیژنەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبا و ئەنجوومەنی باڵای مۆلیدەکان بۆ دانانی نرخی کارکردنی مۆلیدەکان بەڕێوەچوو."
لەبارەی کاژێرەکانی کارکردن و نرخ، خۆران خۆرانی گوتی: "کۆی گشتیی کارکردنی مۆلیدەکان لە مانگی 11ـی 2026 لەنێوان 175 بۆ 280 کاژێردا بووە. هەندێک موەلیدەش لەسەر داواکاریی هاونیشتمانییان تاوەکو 375 کاژێر کاریان کردووە و هەر کاتێک کارەبای نیشتمانی بڕابێت، موەلیدەکان کاریان کردووە."
سەبارەت بە بڕی ئەو پارەیەی لە هاوبەشا وەردەگیرێ، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر دەڵێ: "نرخەکە لەنێوان 14 هەزار بۆ 22 هەزار و 500 دینار دیاریکراوە، بەڵام چونکە خاوەن مۆلیدەکان پێشتر 10 هەزار دیناریان وەک پێشەکی وەرگرتبوو، ئەو بڕە لە نرخە گشتییەکە دێتە خوارەوە؛ بۆیە ئێستا گەڕەک بۆ گەڕەک جیاوازە و لە 4 هەزارەوە بۆ 12 هەزار و 500 دینار وەردەگیرێ."
خۆران خۆرانی ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەوانەی کارەبای موەلیدەی 24 کاژێرییان هەبووە، لە 18 هەزارەوە بۆ 20 هەزار دینار دەدەن، چونکە پارە کۆکردنەوەکە بە شێوەی پاشەکییە."
لەبارەی خشتەی کارکردنی مۆلیدە ئەهلییەکانیش لە مانگی 12دا سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای مۆلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر رایگەیاند: "بەیانیان لە کاژێر 06:30 تاوەکو 08:30ـی بەیانی و دواتریش لە کاژێر 01:00ـی نیوەڕۆ تاوەکو 01:00ـی شەو کار دەکەن. هەر شوێنێکیش بیەوێ کارەبای 24 کاژێری بێت، خاوەن مۆلیدە واژۆ کۆبکاتەوە و خشتەکەی بۆ دەگۆڕین."




