رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشکردنە سەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگر لە تەنگەی هورمز رادەگەیەنێت و دەڵێت، بەبێ گوێدان بە هوشدارییەکانی ئێران و بە هاندانی ئەمریکا، هاتووچۆی دەریاییان لە تەنگەی هورمز خستووەتە مەترسییەوە، بۆیە کراونەتە ئامانج.
ئەمڕۆ سێشەممە، 14ی تەمموزی 2026، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە راگەیێندراوێکدا پشتراستی کردەوە، کە دوو کەشتیی نەوتهەڵگر لە لایەن هێزەکانیانەوە کراونەتە ئامانج.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دوو گەورە نەوتهەڵگری سەرپێچیکار کە فریوی ئەمریکایان خواردبوو و بە کوژاندنەوەی سیستمەکانی رێدۆزی دەریایی و گوێنەدان بە ئاگادارکردنەوە بەردەوامەکانی ناوەندی کۆنترۆڵی ئاسایشی تەنگەی هورمز، هاتووچۆی دەریایی-یان لەم رێگەیەدا خستبووە مەترسییەوە و تێپەڕین لە رێڕەوی مینڕێژکراویان پێ باشتر بوو، پێکران و لەکارخران."
سوپای پاسداران هۆشداریی دەداتە هەموو لایەک و دەڵێت: "هێزی دەریایی سوپای پاسداران بە هەمووانی رادەگەیەنێت کە هاوکاریکردن لەگەڵ دوژمنی دەستدرێژکار کە لە دووری هەزاران کیلۆمەترەوە هاتووە بۆ پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی ناوچەکە، و تێپەڕین لە رێڕەوی مینڕێژکراو، جگە لە پەشیمانی، زیان و دواکەوتن لە کردنەوەی تەنگەی هورمز و دروستکردنی قەیرانی وزە لە جیهاندا، هیچ ئەنجامێکی نابێت."
رۆژی دووشەممە، 13ی تەمموزی 2026، ئیمارات و بەحرێن رایانگەیاندبوو، دوو کەشتیی نەوتهەڵگر لە کاتی تێپەرین بە تەنگەی هورمزدا رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە، کە بەهۆیەوە کەسێک کوژراوە و هەشت کەسی دیکە لە ستافی کەشتییەکان بریندار بوون.
وەزارەتی بەرگریی بەحرێن رایگەیاند، دوو نەوتهەڵگری مومباسا و باهیا لە رێڕەوەکەی باشووری تەنگەی هورمز و لە نزیک کەناراوەکانی عومان بە دوو مووشەکی کروزی ئێرانی کراونەتە ئامانج.
ئەوە لە کاتێکدایە، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بەردەوامن و واشنتن گەڕاندنەوەی گەماڕۆی دەریایی بەسەر ئێراندا راگەیاندووە. لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، لەمەودوا ئەمریکا پارێزەری تەنگەی هورمز دەبێت. دەشڵێت، لەبەرامبەر ئەو ئەرکە، "دەبێت ئەمریکا بە رێژەی 20٪ لەسەر سەرجەم ئەو بارانەی دەگوازرێنەوە قەرەبوو بکرێتەوە."
ئەمریکا دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران کردووەتەوە، چەندین بنکە سەربازی و کۆگەکانی چەک، تەقەمەنی، درۆن و مووشەک لە پارێزگاکانی ئیسفەهان و مەرکەزی لە نێوەراستی ئێران و پارێزگاکانی هورمزگان، بووشەهر، سیستان و بەلووچستان و خوزستان لە باشوور، باشووری رۆژهەڵات و باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە کردووەتە سەر ئامانج.
لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو.



