رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت: "کاتی ئەوە هاتووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆمبی ئەتۆم دروست بکات."
ئەمڕۆ سێشەممە، 14ی تەممووزی 2026، ئەحمەد بەخشایش ئەردەستانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "ئیلنا" رایگەیاند، دەبێت ئێران بەرەو بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی هەنگاو بنێت.
ئەحمەد بەخشایش دەڵێت: "پێموایە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە ئێران بۆمبی ئەتۆم دروست بکات، چونکە بە پێی پێویست باجەکەی داوە و پێکدادانەکانی ئەنجام داوە؛ بۆیە ئێستا پێویستە بۆمبەکە دروست بکات."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری دروستبوونی کۆدەنگییەکی جیهانی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئەگەری هەوڵدان بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، ئەو پەرلەمانتارەی ئێران دەڵێت: "مەگەر ئێستا کۆدەنگی جیهانی دژ بە ئێران نییە؟ رێبەری جیهانی رۆژئاوا، ئەمریکا هەموو رۆژێک لەگەڵماندا لە شەڕدایە. 60 هەزار سەرباز، کەشتییە جەنگییە گەورە و بچووکەکانی و کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی لە دەریای عومان و زەریای هیندیدا جێگیر کردووە. کەواتە ئەم کۆدەنگییە هەر ئێستاش هەیە. بۆیە ژیان جارێکە و مردن جارێک."
هەڵوێستی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تاوەکو ئێستا ئەوە بووە، کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بە تەواوی ئاشتیخوازانەیە و نیازی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی نییە. ئەم هەڵوێستە فەرمییەش لە رووی سیاسی و یاساییەوە بەستراوەتەوە بە فەتوایەکی ئاینییەوە کە دەگەڕێندرێتەوە بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران، کە تێیدا دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی حەرام کردووە.
ئەحمەد بەخشایش ئەردەستانی سەبارەت بە ئەگەری زیادبوونی شەڕ و پێکدادان لە نێوان ئێران و ئەمریکا لە رۆژانی داهاتوودا، گوتی: "هەردوو وڵات ئارەزوو دەکەن کە شەڕێکی درێژخایەنیان لەگەڵ یەکدیدا نەبێت؛ بەو هۆکارەی کە ئەمریکییەکان تێگەیشتوون لە شەڕی درێژخایەندا، راستە زیان بە ئێران دەگەیەنن، بەڵام ناتوانن پێکهاتەی سیستەمی ئێران لەناو ببەن."
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران دەشڵێت: "ئێرانیش تێگەیشتووە کە ناتوانێت لە ناو خاکی ئەمریکادا گورز لەو وڵاتە بوەشێنێت و ناچارە لە ناوچەکەدا گورز لە ئەمریکا بوەشێنێت و شەڕەکە بکاتە ناوچەیی. کەواتە کاتێک شەڕەکە دەکاتە ناوچەیی، خۆی لەگەڵ شەش یان حەوت وڵاتدا تێوەدەگلێنێت، بۆیە ئێستا هیچ کام لە دوو لایەنەکە، جەنگی درێژخایەنیان ناوێت."
ئەحمەد بەخشایش ئەردەستانی، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە چەق و ناوەندی سەرەکیی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا لە دۆسیەی ئەتۆمییەوە بۆ تەنگەی هورمز گواستراوەتەوە، روونیکردەوە: "تەنگەی هورمز کەرەستەی هێزی ئێمەیە و دەبێت هەوڵ بدەین لەدەستی نەدەین و بپارێزین."
لێدوانی ئەو پەرلەمانتارەی ئێران لە کاتێکدایە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندووە، بۆ سێیەمین شەو لەسەر یەک، هێرشیان کردووەتەوە سەر کۆمەڵێک ئامانجی سەربازی لە نێو خاکی ئێران.
لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمریکا بە چەندین قۆناخ هێرشی کردووەتەوە سەر بنکە سەربازی و کۆگەکانی چەک، تەقەمەنی، درۆن و مووشەک لە پارێزگاکانی ئیسفەهان و مەرکەزی لە نێوەراستی ئێران و پارێزگاکانی هورمزگان، بووشەهر، سیستان و بەلووچستان و خوزستان لە باشوور، باشووری رۆژهەڵات و باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە.



